راگواستنی كوردانی كەركووك دەستی پێ‌ كرد

:: AM:09:15:22/02/2026 ‌
لە كەركووك راگواستنی كوردانی ئەو شارە بەزەبری هێز دەستی پێ‌ كرد، پارێزگاری شارەكەش بێدەنگە و تەنیا بینەرە.

دوای ئەوەی شەوی رابردوو هێزێكی سوپای عێراق گەمارۆی گەڕەكی نەورۆزی شاری كەركووكی كرد، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ بە زەبری هێز دەستی كرد بە چۆڵكردنی كوردانی ئەو گەڕەكە.

بەرەبەیانیی ئەمڕۆ سوپای عێراق لە كەركووك، هەڵدەكوتێتە سەر ماڵباتانی كورد لە گەڕەكی نەورۆز و داوا دەكەن ماڵەكەیان چۆڵ بكەن، ئەوەشی بە قسەی نەكردبن بە لێدان پێیان چۆڵ كردوون.

سوپای عێراق ئەو خانووانەی گەڕەكەكە بە موڵكی خۆی دەزانێت، لە كاتێكدا پێشتر ئەو خانووانە ماڵباتی كوردی تێدابوون. كێشەی نێوان خاوەنی ئەو خانووانە و سوپا لە دادگایە و تائێستە یەكلا نەبووەتەوە.
 
سوپای عێراق بە زەبری هێز لە سەعات سێی بەرەبەیان ئەو خانووانەی پێ‌ چۆڵكردن، پارێزگاری ئەو شارەش تا ئێستە هیچ قسەیەكی نییە، ئەو بڕیارەش تەنیا لەسەر  كوردەكان جێبەجێ‌ كراوە.


وشە - رامیار جەواد