پێنج حزبی رۆژهەڵاتی كوردستان هاوپەیمانییەكیان بەناوی "هێزە سیاسییەكانی كوردستانی ئێران" پێكهێنا، لە بەیاننامەیەكدا دووپات دەكەنەوە ئامانجە سەرەكی و هاوبەشەكانیان لەو هاوپەیمانییەدا خەباتە بۆ ڕووخاندنی دەسەڵاتی ئێران.
لە بەیاننامەكەدا هاتووە، بزووتنەوەی سیاسی و نەتەوەیی كورد لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان دەیان ساڵە بە شێوەی ڕێكخراو و بەردەوام؛ دژی سەرەڕۆیی و دەسەڵاتی دیكتاتۆریی ناوەندگەرا لەپێناو مافە نەتەوەیی و سیاسییەكانی خۆیدا خەبات دەكات، ئێمە ئەم حزبە سیاسییانەی "هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەكانی كوردستانی ئێران"مان واژوو كردووە، بە پشتبەستن بە مێژووی خەبات و تێكۆشان و بە سەرنجدان بە پێویستییەكانی وەڵامدانەوە و خۆدیتنەوە لە دۆخی سیاسیی ئیستەی ئێراندا كە ڕژێمی كۆماری ئیسلامی هیچ شەرعییەتێكی سیاسیی بۆ نەماوەتەوە.
ئاماژەیان بۆ ئەوە كردووە، لە كوردستان وزە و ڕیزەكانی خەباتگێڕیی خۆمان یەك خستووە و هاوپەیمانییەكی سیاسیمان ڕاگەیاندووە، مەبەستی سەرەكیی ئەم هاوپەیمانییە كە پاش قۆناغی گۆڕینەوەی بیروڕا و كاری مەیدانی لە "ناوەندی دیالۆگ بۆ هاوكاری"دا پێكهاتووە، یەكڕیزی و هاوخەباتیی پتر بۆ پەرەدانی زیاتر بە بزووتنەوەی سیاسیی كورد لە ئێران و پیدانی قورسایی و دەوری زیاتری كوردستان و بزووتنەوە سیاسییەكەی لە خەبات دژی كۆماری ئیسلامی، دەستەبەركردنی ماف و ئازادییەكانی خەڵكی كوردستان و چۆنیەتیی داڕشتنەوەی ئێرانی داهاتوویە.
دووپات دەكەنەوە كە پتر لە هەركاتێك یەكیەتیی سیاسی و هاوگوتاری لایەنە سیاسییەكان و تێكۆشانی هاوبەشی مەیدانییان مەرجی بەهێزكردنی پێگەی كوردە لە هاوكێشە سیاسییە بەردەوام بگۆڕەكانی ئێران.
ئەندامانی هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەكانی كوردستانی ئێران پێكهاتوو لە:
- پارتی ئازادیی كوردستان
- پارتی ژیانی ئازادی كوردستان
- حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران
- سازمانی خەباتی كوردستانی ئێران
- كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان