فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ڕاپۆرتێكی گشتگیر و دۆكیۆمێنتاریی لەسەر ئاستەنگەكانی بەردەم جێبەجێكردنی مادەی 140ی دەستوور بۆ ساڵانی (2005-2025) بڵاو كردەوە.
ڕاپۆرتەكە ئەو پێشێلكارییە یاسایی و مرۆییانە ئاشكرا دەكات كە لەو ناوچانە بەرانبەر بە كورد ئەنجام دەدرێن.
ئامارەكانی دوای 16ی ئۆكتۆبەری 2017 و بەپێی راپۆرتەكە، ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر تەنیا گۆڕانكاریی سەربازی نەبوون، بەڵكو كارەساتێكی مرۆیی و ئیدارییان بەدوای خۆیاندا هێناوە، بەتایبەت لە قەزای خورماتوو كە ئامارەكان بەم شێوەیەن:
زیانە مرۆییەكان: 15 شەهید و 115 بریندار لە ریزی هاووڵاتییانی سڤیل.
تاڵانكردن: 31150 ماڵی هاووڵاتییانی كورد تاڵان كراون.
سووتاندن و تەقاندنەوە: 530 خانوو و دوكانی كورد سووتێنراون یان تەقێنراونەتەوە، لەگەڵ سووتاندنی 21 كارگە و قوتابخانە.
ئاوارەبوون: زیاتر لە 53 هەزار كەس لەو قەزایە ئاوارە بوون.
"تەعریبی سپی"؛ گۆڕینی دیمۆگرافیا لە ڕێگەی ئیدارە و كشتوكاڵەوە.
راپۆرتەكە ئاماژە بە ستراتیجێكی نوێ دەكات بۆ گۆڕینی ناسنامەی ناوچەكان "تەعریبی ئیداری"، لەوانە:
داگیركردنی پۆستەكان: گۆڕینی 10 پۆستی باڵای ئیداری لە كەركووك و 10 پۆستی تر لە شنگال كە پشكی كورد بوون و پێدانیان بە پێكهاتەكانی تر.
كێشەی زەویوزار: زیندووكردنەوەی گرێبەستە كشتوكاڵییەكانی سەردەمی بەعس و هێنانی عەرەبی هاوردە بۆ سەر زەویی جووتیارانی كورد لە كەركووك، داقووق و سەرگەڕان.
فۆرمی خۆراك و ناسنامە: هەوڵدان بۆ گواستنەوەی فۆرمی خۆراك و ناسنامەی هەزاران خێزانی عەرەب بۆ ناو كەركووك.
شكستی دارایی و بەڵێنە سیاسییەكان:
راپۆرتەكە وردەكارییەكی دارایی دەخاتە ڕوو؛ هەرچەندە بڕیار بوو بودجەیەكی بەرچاو بۆ قەرەبووكردنەوەی زیانلێكەوتووان تەرخان بكرێت، بەڵام لە ساڵانی 2014، 2015 و 2018 تا 2021، حكوومەتی عێراق "سفر" دیناری بۆ ئەم مادەیە تەرخان كردووە.
كۆی ئەو پارەیەی لە ماوەی 20 ساڵدا خەرج كراوە (208 تریلیۆن دینار)، بەراورد بە قەبارەی زیانەكان و ژمارەی ئەو 118 هەزار دۆسیەیەی چاوەڕێی یەكلاكردنەوە دەكەن، زۆر كەمە.
ڕۆڵی نێودەوڵەتی و بڕیارە یاساییەكان
راپۆرتەكە تیشك دەخاتە سەر ئەوەی كە نەتەوە یەكگرتووەكان (UNAMI) لە نێوان ساڵانی 2007 بۆ 2017 چەندان پێشنیاز و راپۆرتیان هەبووە، بەڵام جێبەجێ نەكراون. لە هەمان كاتدا راپۆرتەكە دووپات لە بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی ژمارە 113ی ساڵی 2017 و 71ی ساڵی 2019 دەكاتەوە، كە ڕێگرییان كرد لە هەوڵە یاساییەكان بۆ هەڵوەشاندنەوەی مادەی 140 . دووپاتیان كردەوە كە مادەكە تا جێبەجێكردنی دوا قۆناغی (راپرسی) بەزیندوویی دەمێنێتەوە.
ئەم ڕاپۆرتەی فەرمانگەی میدیا و زانیاری دەیسەلمێنێت كە مادەی 140 تەنیا دەقێكی دەستووری نییە، بەڵكو كێشەی نیشتەجێبوون، مێژوو و ناسنامەی نەتەوەییە.