بەرپرسێکی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان ڕای گەیاند، یەکلاییکردنەوەی پۆستی سەرۆک کۆمار پێویستی بە سازانی ناوخۆیی هەیە و نابێت لایەنێک بە تەنیا بڕیاری لێ بدات، هاوکات پشتیوانیی خۆیان بۆ کاندیدی ماڵی شیعە بۆ سەرۆک وەزیران دووپات کردەوە.
ئەمڕۆ سێشەم 24ی شوباتی 2026، عەلی حوسێن بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی سلێمانی و هەڵەبجەی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە لێدوانێکدا ڕای گەیاند، لای ئێمە کێشە نییە سەرۆک کۆمار سەر بە پارتی بێت، یەکێتی بێت، یان کەسایەتییەکی بێلایەن، بەڵکو گرنگ ئەوەیە بە میکانیزمێکی کوردستانی دیاری بکرێت، نەک لایەنێکی سیاسی بە تەنیا بڕیاری لەسەر بدات.
عەلی حوسێن دووپاتی کردەوە، هیچ ناکۆکییەکی ناوخۆیی لە ناو پارتیدا نییە سەبارەت بە پۆستی سەرۆک کۆمار.
لەبارەی پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراقیشەوە، ئەو بەرپرسەی پارتی گوتی، پشتیوانی لە بڕیاری ماڵی شیعە دەکەین، ئێستە نووری مالیکییان دیاری کردووە، هەر کەسێکی تریش کاندید بکەن پشتیوانی لێ دەکەین و هاوکار دەبین.
سەبارەت بە هۆکاری دواکەوتنی ڕاگەیاندنی کابینەی نوێی حكوومەتی هەرێم، عەلی حوسێن هۆکارەکەی بۆ دۆخی سیاسیی عێراق و گرژییەکانی ناوچەکە، بەتایبەت ململانێکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران گەڕاندەوە.
لە کۆتاییدا پێشبینیی ئەوەی کرد، بە پێکهێنانی حكوومەتی عێراق و هێوربوونەوەی گرژییەکانی نێوان واشنتن و تاران، چارەسەرکردنی گرفتەکانی هەرێمی کوردستانیش ئاسانتر بێت.