خوێندنی باڵا داوای ناوی دەرچووان بۆ دامەزراندن دەكات

:: AM:09:07:25/02/2026 ‌
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی كوردستان، داوا لە زانكۆ حكوومییەكان و پەیمانگە ئەهلییەكانی هەرێمی كوردستان دەكات، لە ماوەی پێنج ڕۆژدا فەرمانی زانكۆیی دەرچووانی بەشە پزیشكی و تەندروستییەكانیان كە دانیشتووی دەرەوەی سنووری ئیدارەی هەرێمی كوردستانن ڕەوانە بكەن، تا بەمەبەستی دامەزراندن ئاراستەی وەزارەتی تەندروستیی عێراقی بكەن.

ئەمڕۆ چوارشەم 25ـی شوبات، وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی كوردستان بە واژووی توانا نەجەف بەڕێوەبەری فەرمانگەی كارگێڕی و دارایی، نووسراوێكی بە هاوپێچی نووسراوی نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا و نووسراوی وەزارەتی تەندروستیی عێراق، ئاراستەی گشت زانكۆ و پەیمانگە ئەهلییەكانی هەرێمی كوردستان كردووە.

ناوەڕۆكی نووسراوە لەبارەی دامەزراندنی دەرچووانی كۆلێج و بەشە پزیشكی و تەندروستییەكانیان كە دانیشتووی سنووری دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستانن.

وەزارەتی خوێندنی باڵا، داوای لە زانكۆ و پەیمانگەكان كردووە، لە ماوەی پێنج ڕۆژدا فەرمانی زانكۆیی و فەرمانی كارگێڕیی دەرچووان، بۆ ساڵانی خوێندنی 2022-2023 و 2023-2024 بە زمانی عەرەبی ڕەوانە بكەن، بۆ بەراوردكردنی لەلایەن وەزارەتی تەندروستیی حكوومەتی فیدراڵەوە لەگەڵ ئەو ناوانەی پێشتر بەمەبەستی دامەزراندن بۆیان نێردراون.


وشە - رامیار جەواد