بۆ رێزگرتن لە شەهیدان و ئەنفالكراوەكان لە گۆبتەپە 150 نەمان چێنران

:: PM:01:58:25/02/2026 ‌
بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدان و ئەنفالكراوانی گوندی گۆبتەپە هەڵمەتێكی نەمامچاندن ئەنجام درا، هەڵمەتەكە لەلایەن ناوەندی ژینگە و ئاوەدانكردنەوەی كوردستانەوە ئەنجام درا و تێیدا 150 نەمام لە دەروازەی گوندەكە چێنران.

ئەمڕۆ چوارشەم 25ی شوبات، لە گوندی گۆبتەپەی سەربە شارەدێی ئاغجەلەر لە شارۆچكەی چەمچەماڵ، بە ئامادەبوونی بەشێك لە ئەندامانی ناوەندی ژینگە و ئاوەدانكردنەوەی كوردستان و بەرپرسانی ئیداری شارەدێكە و ژمارەیەك چالاكی ژینگەیی، هەڵمەتێكی نەمامچاندن بەڕێوەچوو.

ساكار عەبدوڵا جێگری بەڕێوەبەری ناوەندی ژینگە و ئاوەدانكردنەوەی كوردستان ڕای گەیاند، وەك ڕێزێك بۆ گیانی پاكی شەهیدانی ئەنفال و كیمیابارانی گوندی گۆبتەپە، هەستاوین بە ئەنجامدانی هەڵمەتێكی نەمامچاندن و ئەمڕۆ لە گوندی گۆبتەپە 150 نەماممان چاند.

گوتیشی: ئەم هەڵمەتە تا ساڵوەگەڕی كیمیابارانكردنی گوندی گۆبتەپە بەردەوام دەبێت، داواكارین هاووڵاتییان بەشداربن لە هەڵمەتەكەمان بە چاندن و پاراستنی نەمامە چێنراوەكان.

هاوكات ئامانج جەوهەر سەرۆكی شارەوانیی ئاغجەلەر گوتی: ئێمە ساڵانە هەڵمەتی نەمامچاندن ئەنجام دەدەین، تەنیا ساڵی ڕابردوو زیاتر لە سێ هەزار و 700 نەماممان لە سنووری شارەدێی ئاغجەلەر چاندووە.

باسی لەوەش كرد، نەمامەكان لەلایەن تیمەكانی بەشی باخچەكان و ئامێرەكانەوە لە ڕێگەی تانكەرەوە پرۆسەی ئاودێرییان بۆ ئەنجام دەدرێت، هەروەها داواكارین هاووڵاتییان پارێزگاری لە نەمامەكان بكەن.




وشە - سۆران عەزیز