زانیاری نوێ‌ لەبارەی ناردنی 120 ملیار دینارەكە بۆ بەغدا

:: PM:06:37:25/02/2026 ‌
لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی كوردستان كە ئەمڕۆ بەڕێوەچوو، بڕیار درا كە هەموو هەولێك بدرێت و لە پێشینەی كارەكان بۆ دابینكردنی 120 ملیار داهاتی ناوخۆ بێت تا بەغدا بۆ ناردنی مووچە ئەو بیانووەیشی نەمێنێ‌ . 

لە راگەیەنراوی كۆبوونەوەكەدا ئاماژە بۆ ئەوە كراوە كە هەرێمی كوردستان پابەندیی نەوتیی و دارایی خۆی بە تەواوی جێبەجێ كردووە و لیستی مووچە و تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانەش لە لایەن وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمەوە بێ كەموكوڕی ئاراستەی وەزارەتی دارایی عێراق كراوە.

سەبارەت بە پابەندیی ناردنی 120 ملیار دینار بۆ مانگی شوباتیش، ئەنجوومەنی وەزیران دووپاتی كردەوە لەسەر ئەولەویەتدان بە ناردنی ئەم پارەیە پێش هەر خەرجییەكی تر تا هیچ پاساوێك بۆ وەزارەتی دارایی عێراق نەمێنێتەوە بۆ دواخستنی خەرجكردنی مووچەی مانگی شوبات و مانگەكانی تریش.

هەر ئەمڕۆ سەرچاوەیەكی بەرپرس بە "وشە"ی گوت، حكوومەت هەموو هەوڵێك دەدات كە 120 ملیار دینارەكە لە هەفتەی داهاتوو رەوانەی بەغدا بكرێت تا مووچە رەوانە بكرێت. 

ئەو دەنگۆیانەیشی رەت كردەوە كە داوای پێداچوونەوەی ئەو بڕگەیە لەگەڵ بەغدا كرابێت و " هەرێم پابەندە بە جێبەجێكردنی رێككەوتنەكان". 



وشە - سه‌رخێڵ هاشم