لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی كوردستان دا، وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان راسپێردرا كە هیچ خەرجییەكی تر نەكات تا 120 ملیار دینارەكەی داهاتی ناوخۆ رەوانەی بەغدا دەكات تا مووچەی فەرمانبەران رەوانە بكرێت.
ئەمڕۆ چوارشەم 24ی شوبات، سەرچاوەیەكی ئاگەدار، بە "وشە"ی گوت، ئەنجوومەنی وەزیرانی كوردستان وەزارەتی دارایی و ئابووری راسپاردووە كە سەرجەم خەرجییەكان رابگرێت تا 120 ملیار دینارەكەی داهاتی ناوخۆ ئامادە دەكرێت و رەوانەی بەغدا دەبێت.
سەرچاوەكە گوتی، ئەو راگرتنی خەرجییە بودجە و نەسرییەی وەزارەتەكانیش دەگرێتەوە كە خەرج ناكرێت تا پارەی داهاتی ناوخۆ كۆ دەكرێتەوە.
لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی كوردستان بڕیاردراوە كە 120 ملیار دینارەكە لە پێشینەی كارەكان بێت بۆ ئەوەی بە زووی رەوانەی بەغدا بكرێت و ئەو بیانووەیش بۆ نەناردنی مووچە نەمێنێت.