"مەسروور بارزانی دەسەڵاتەکانی فەرماندەییی دەڤەرەکانی وەزارەتی پێشمەرگەی واژوو کرد"

:: PM:09:17:26/02/2026 ‌
گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی کوردستان ڕای گەیاند، لە چوارچێوەی چاکسازی و یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە و وەک بەدەنگەوەهاتنی خواستی هاوپەیمانان، سەرۆکی حكوومەت واژووی لەسەر دەسەڵاتەکانی فەرماندەییی دەڤەرەکان کرد.

ئەمڕۆ پێنجشەم 26ی شوباتی 2026، پێشەوا هەورامانی گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاشکرای کرد، لە چوارچێوەی هەوڵەکانی چاکسازی لە هێزی پێشمەرگەی کوردستان کە کارنامەی کابینەی نۆ بووە، مەسروور بارزانی سەرۆک وەزیران، واژووی لەسەر دەسەڵاتی (کارگێڕی، دارایی، یاسایی، پێوەندییەکان)ـی فەرماندەی فەرماندەییی دەڤەرەکانی وەزارەتی پێشمەرگە کرد. 

لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، لە چوارچێوەی ڕێکخستن و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان، ئەمڕۆ سەرۆک وەزیران مەسروور بارزانی دەسەڵاتەکانی فەرماندەییی دەڤەرەکانی واژوو کرد، کە ئەمە خواستێکی هاوپەیمانان و پێکهاتەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و ڕێککەوتنی ستراتیجی بوو بۆ یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و وەزارەتی پێشمەرگە لەم پڕۆسەیەدا هەوڵی زۆریان داوە و کاریان بۆی کردووە. 

پێشەوا هەورامانی دووپاتی کردووەتەوە، سەرۆک وەزیران مەسروور بارزانی پاڵپشتیی بەردەوامی ئەوەی کردووە هەرێمی کوردستان خاوەنی یەک هێزی پێشمەرگەی یەکگرتوو بێت، لەم پێناوەشدا هەوڵ و پاڵپشتیی بەردەوامی هەبووە، ئەم بڕیارەی ئەمڕۆش واژوو کرا، لە چوارچێوەی ئەو هەوڵانەدایە.


وشە - پۆڵا مەحموود