وەزارەتی کشتوکاڵ دڵنیایی دەدات: مریشکی خۆماڵی تەندروستە

:: PM:09:40:26/02/2026 ‌
وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حكوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕوونکردنەوەیەکدا بۆ رای گشتی، وەڵامی ئەو دەنگۆیانە دەداتەوە کە باس لە بەکارهێنانی دەرمانی قەدەغەکراو لە کێڵگە پەلەوەرییەکان دەکەن و ڕای دەگەیەنێت، بەرهەمی ناوخۆ لەژێر چاودێریی ورددایە و تەنیا چەند کەسێک سەرپێچییان کردووە و سزادراون.

ئەمڕۆ پێنجشەم 26ی شوباتی 2026، وەزارەتی کشتوکاڵ لە بەیاننامەیەکدا ڕای گەیاند، سێکتەری پەلەوەری لە هەرێمی کوردستان سەرچاوەیەکی گرنگی بەهێزبوونی ژێرخانی ئابووری و جووڵەی بازرگانی و دابینکردنی پێویستییەکانی هاووڵاتییان و بەکارخستنی هێزی کاری ناوخۆیی و سەرچاوەی بژێوی و پیشەی هەزاران کەسە، لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا بە گرنگیدانی زیاتر بەم سێکتەرە، توانیمان زۆر بە خێرایی بگه‌ینە ئاستی بەدیهێنانی خۆبژێویی ناوخۆیی و تەنانەت هەنگاونان بەرەو بازاڕی دەرەوەی هەرێمی کوردستان. 

لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، بەداخەوە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دەنگۆی بڵاوبوونەوە و بەکارهێنانی دەرمانی ڤاکسینی قەدەغەکراو بڵاو بووەوە و بەهۆیەوە کاریگەریی نەرێنی خستە سەر دۆخی ئابووریی پڕۆژە و کێڵگە پەلەوەرییەکان و تا ڕادەیەک دروستکردنی دڵەڕاوکێی بەکارهێنانی گۆشتی مریشک لەلایەن هاووڵاتییانەوە.

وەزارەتی کشتوکاڵ ڕوونی کردووەتەوە، بۆ زانینی هەموو لایەک، مامەڵەکردن بە دەرمان و ڤاکسینی ڤێتێرنەری و مۆڵەتدان بە هاوردەکردن و بەکارهێنانی دەرمانەکان، بەپێی ڕێنماییەکانی ژماره‌ یەک و چواری ساڵی 2022 لەلایەن وەزارەتمان ڕێکخراوە و ئەنجام دەدرێت.

ئاماژە بەوەش دراوە، بۆ ئەم مەبەستە سەرجەم خاوەن پڕۆژەکانی بواری ئاژەڵی و پەلەوەری و ماسی و تەواوی خاوەن کۆمپانیا و کۆگاکانی بواری ڤێتێرنەری ئاگادار کراونەتەوە، لە چۆنیەتیی پابەندبوون بە بەکارنەهێنانی لیستی قەدەغەکراوەکان و گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی و کارگێڕیی سەرپێچیی بەکارهێنانەکان، بە لەبەرچاوگرتنی سەلامەتیی گشتیی هاووڵاتییان و پارێزگاری لە پێگەی ئاسایشی خۆراک و سەقامگیریی دۆخی بەرهەمهێنانی پڕۆژە پەلەوەرییەکان بەگشتی. 

وەزارەتەکە دووپاتی کردووەتەوە، لە هەمان کاتدا وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو ڕۆڵی گرنگ و کاریگەری دامەزراوە تەناهی و کارگێڕییەکانی حكوومەتی هەرێم و دەزگاکانی ڕاگەیاندن و دامەزراوە ڕێکخراوەیی و ئەکادیمییەکان و هۆشیاریی گشتیی هاووڵاتییان، بە پێویست و بە بایەخ زانیوە لە جێبەجێکردنی بڕیار و ڕاسپاردەکان و دەستنیشانکردنی کەسانی سەرپێچیکار و دەرچوو لە یاسای پابەند بە پارێزگاری لە ئاسایشی خۆراک، بەتایبەتی بەرهەمی خۆماڵیی کێڵگە پەلەوەرییەکان. 

سەبارەت بە ڕێکارەکان هاتووە، بۆ مەبەستی دڵنیابوون لە کوالێتیی بەرهەمی ناوخۆ، لیژنەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی ڤێتێرنەری بە هاوبەشی لەگەڵ سەندیکا و لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامییەکان لە سەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان دەستبەکارن و ڕاسپێردراون، بە هاوئاهەنگی و پێکەوەکارکردن و جەختکردنەوە و چڕکردنەوەی بەدواداچوونەکان و دەستگرتن بەسەر هەر جۆرە دەرمانێکی قەدەغەکراو و ڕێگەپێنەدراو، بە پاڵپشتیی هێزی تەناهی و یاسایی. 

وەزارەت هۆشداری دەدات، هەر کەسێک مامەڵە بە دەرمانی قەدەغەکراو و بێ مۆڵەت بکات و بەکاریان بهێنێت، لەلایەن دامەزراوە تایبەتمەندەکانی حكوومەت دەگیرێن و ڕووبەڕووی سزادانی توند دەبنەوە. 

لە کۆتایی ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، بەکارهێنانی جۆرێک لە دەرمانی قەدەغەکراو لەلایەن چەند کەسێکەوە بووە، کە بە سزای یاساییی خۆیان گەیەنراون و ڕێکاریان بەرانبەر گیراوەتە بەر، وه‌ ئەو دەنگۆیانەی کە باس لە خراپیی بەکارهێنانی مریشکی کێڵگە پەلەوەرییەکان دەکەن، بەتەواوی ڕەت دەکەینەوە. 

وەزارەتی کشتوکاڵ دەشڵێت، لێرەوە سەرجەم هاووڵاتییانی کوردستان دڵنیا دەکەینەوە کە بەرهەمی کێڵگە پەلەوەرییەکانی هەرێمی کوردستان، لەژێر چاودێریی لیژنە تایبەتەکانی سەر بە وەزارەتمانە و بەدواداچوون و پشکنینی بەردەوام و وردیان بۆ دەکرێت و ئینجا دەخرێنە بازاڕەوە. 

هەروەها داواکارن لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن، بە هەستیارییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو دۆسییانەدا بکەن کە لێکەوتەی نەرێنی دەبێت لەسەر دۆخی ژیانی خەڵک و دۆخی ئابووریی هەرێمی کوردستان، بەتایبەت کە وەزارەتمان لە کاتێکدا لە ڕێگەی یاسا و ڕێنمایی بەرکارەوە ڕێگریی کردووە لە بەکارهێنان و مامەڵەکردن و دیاریکردنی جۆری ئەو بەرهەمانەی کە قەدەغە کراون.


وشە - پۆڵا مەحموود