شەپۆلی "لێزمەباران" و بەفر بەردەوام دەبێت

:: PM:01:30:27/02/2026 ‌
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان، پێشبینییەکانی بۆ 48 سەعاتی داهاتوو بڵاو کردەوە و ڕای گەیاند، شەپۆلێکی بەهێزی باران و بەفر ناوچە جیاوازەکانی گرتووەتەوە و لە هەندێک شوێن ئاستی دابارین ژمارەی پێوانەیی تۆمار کردووە.

بەپێی ڕاگەیەنراوەکەی کەشناسی، ئەمڕۆ هەینی 27ی شوبات، ئاسمان نیمچەهەور بۆ هەوری تەواو دەبێت. لە سنووری هەولێر و کەرکووک نمەباران و بارانی مامناوەند دەبارێت، بەڵام لە دهۆک، سلێمانی، هەڵەبجە، زاخۆ، سۆران، ڕاپەڕین و گەرمیان، ڕێژەی دابارین زیاتر دەبێت و تا کاتەکانی شەو بەردەوام دەبێت.

کەشناسی هۆشداری داوە کە لە هەندێک کاتدا بارانبارین بە شێوەی "لێزمەباران" و هەورەتریشقە دەبێت و لە ناوچە شاخاوییەکان بەفر دەبارێت. پلەکانی گەرما بە نزیکی دوو تا چوار پلە نزم دەبنەوە و لە ناوچە شاخاوییەکان پێنج تا حەوت پلە دادەبەزن.

سەبارەت بە سبەی شەموو 28/2/2026، ئاسمان لە نێوان نیمچەهەور و هەوری تەواو دەبێت، نمەباران و بارانی مامناوەند بە پچڕپچڕی لە سنووری دهۆک و سۆران دەبارێت و ئەگەری بەفرێکی کەم لە ناوچە شاخاوییەکانی باکوور هەیە.

بەپێی ئەو خشتەیەی کەشناسی بڵاوی کردووەتەوە، لە 12 سەعاتی ڕابردوودا زۆرترین بڕی بارانبارین لە شارەدێی "دێرەلووک" تۆمار کراوە کە 63 ملیمەتر بووە.

ڕێژەی بارانبارینی 12 سەعاتی ڕابردوو لە هەندێک ناوچە:

دێرەلووک: 63 ملم

شیلادزێ: 56 ملم

سەرسەنگ: 46.5 ملم

ئامێدی: 45 ملم

چەمانکێ: 35 ملم

مانگێش، بامەڕنێ: 32 ملم

زاڤیتە: 31 ملم

کانیماسی: 30 ملم

مێرگەسۆر: 28 ملم

بارزان: 25 ملم

زاخۆ: 24.1 ملم

بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بۆ ئەمڕۆ هەینی:

گەرمیان: 19 پلەی سیلیزی

هەڵەبجە: 15 پلەی سیلیزی

هەولێر: 14 پلەی سیلیزی

سلێمانی، چەمچەماڵ: 13 پلەی سیلیزی

سۆران: 10 پلەی سیلیزی

دهۆک، زاخۆ: 8 پلەی سیلیزی



وشە - پۆڵا مەحموود