محەمەد حاجی مەحموود سكرتێری حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان هەڵوێستی خۆی لەبارەی شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل و ئەمەریكا راگەیاند و گوتی، جارێكی تر ئەمەریكا و ئیسرائیل شەڕیان هەڵگیرساندەوە، بەڵام ئەمجارە وەستاندنی لە دەستی ئەواندا نابێت.
كاكە حەمە لە پەیامێكدا رای گەیاندووە، ئەمەریكا و ئیسرائیل هێرشیانكردە سەر كۆماری ئیسلامی ئێران، لە بەرانبەردا كۆماری ئیسلامی ئێران وەڵامی توندی ئەو هێرشانەی دایەوە و لە بنكە سەربازییەكانی ئەمەریكا لە وڵاتانی ناوچەكە و ئیسرائیل درا، "ئێمە لەكاتێكدا سەركۆنەی ئەو دەسدرێژی و شەڕفرۆشتنەی ئەمەریكا و ئیسرائیل ەكەین، دووپاتی دەكەینەوە ئەو دوو وڵاتە بوونەتە سەرچاوەی شەڕ و ئاژاوەی ناوچەكە و هەر وێرانكاری و كوشتنێكی مرۆڤەكان بەهۆی ئەو شەڕەوە ئەمەریكا لێی بەرپرسیارە".
دووپاتی لەوە كردووەتەوە كە جارێكی تر ئەمەریكا و ئیسرائیل شەڕیان هەڵگیرساندەوە، بەڵام ئەمجارە وەستاندنی لە دەستی ئەواندا نابێت، ئەمەریكا هەڵەیەكی ستراتیجی گەورەی كرد.
لە كۆتایشدا دەڵێ، خوای گەورە هەرێمی كوردستان بپارێزێت لەو شەڕەی ئەمەریكا هەڵگیرساندووە.