سەرۆکی سووریا پێوەندی بە سەرۆک بارزانییەوە دەکات

:: PM:11:02:01/03/2026 ‌
سەرۆک بارزانی و ئەحمەد شەرع سەرۆکی سووریا، لە پێوەندییەکی تەلەفۆنیدا دۆخی ئاڵۆزی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد و دووپاتییان لە چارەسەری ئاشتییانەی قەیرانەکان کردەوە.

بەپێی راگەیەنراوێکی سەرۆکایەتی سووریا، ئەمڕۆ یەکشەم یەکی ئازاری 2026، ئەحمەد شەرع سەرۆکی کۆماری عەرەبیی سووریا، پێوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ سەرۆک بارزانی  ئەنجام دا.

لە پێوەندییەکەدا هەردوولا گفتوگۆیان لەبارەی پەرەسەندنە هەرێمییەکان و گرژییەکانی ئێستەی ناوچەکە و لێکەوتەکانی لەسەر ئاسایش و سەقامگیری کرد.

سەرۆکی سووریا دووپاتی لە گرنگیی بەهێزکردنی هاوئاهەنگی و هاریکاری کردەوە، بە جۆرێک بەشدار بێت لە یەکلاکردنەوەی قەیرانە جیاوازەکانی ناوچەکە لە ڕێی ئامرازی ئاشتییانە و گفتوگۆوە.

هەروەها هەردوولا هۆشدارییان دا لە مەترسییەکانی بەردەوامبوونی پەرەسەندنی ناڕەوا  و ئەو بەئامانجگرتنەی کە ڕووبەڕووی وڵاتانی عەرەبی دەبێتەوە.



وشە - پۆڵا مەحموود