لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە، فڕۆكەكانی ئەمەریكا و ئیسرائیل بە چڕی دەستیان كردووە بە بۆردمانكردنی هەموو بنكە و بارەگا تەناهییەكانی ئێران لە شار و ناوچەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان.
دیارترین ئەو شوێنانەی ئەمڕۆ كە خاپوور كراون، بنكەی سوپای پاسداران بوو لە پاوە و باڵەخانەی ئیتلاعات لە سنە.
بۆردمانی بنكەی سوپای پاسداران لە پاوە، بنكەی بەسیج لە مەهاباد، بنكەكانی سوپای پاسداران لە ناوەوە و دەرەوەی ورمێ، باڵەخانەی ئیتلاعات لە سنە و چەندان ناوەندی تر، لە چوارچێوەی ئەو شوێنانە بوون كە ئەمڕۆ بەهۆی بۆردمانەكانەوە وێران كراون.
لەپاڵ ئەوەیشدا، تەواوی ئەمڕۆ دەنگی فڕۆكەی جەنگی لە ئاسمانی سلێمانی بیستراوە كە هاوسنوورە لەگەڵ شارەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان و پێدەچێ دەیان قوربانی بەهۆی بۆردمانەكانی ئەمڕۆوە هەبن.
ڕۆژی شەمووی رابردوو، هێرشی ئەمەریكا و ئیسرائیل، بۆ ئێران دەستی پێ كرد و لەماوەی ئەو چەند ڕۆژەدا گورزی گەورە لەو وڵاتە دراوە جیا لەوەی رێبەر و چەندان سەركردەی تریان بەهۆی هێرشەكانەوە كوژراون.