لەكاتێكدا بڕیاربوو موەلیدە ئەهلییەكان لە ئێوارەی ئەمڕۆوە كارەبا بدەنەوە بە خەڵك، بەڵام لە سلێمانی خاوەنی موەلیدەكان كارەبایان نەدایەوە و خەڵك تا ئێستەیش لەوشارەدا بێ كارەبان.
كارەبای 24 سەعاتی بەهۆی كەمبوونەوەی بەرهەمهێنان لە كۆڵگەی كۆرمۆر كەمبووەتەوە، ئەوەیش هۆكار بوو كە داوا لە خاوەن موەلیدەكان بكرێت بە شێوەیەكی كاتی كارەبا بدەنەوە بە هاووڵاتییان تا دۆخەكە ئاسایی دەبێتەوە.
بڕیارەكە لە هەولێر كەوتە واری جێبەجێكردن، موەلیدەكان بەنرخی پێنج هەزار دینار بۆ هەر ئەمپێرێك دەستیان بەكاركردن كردەوە، بەڵام خاوەن موەلیدەكانی سلێمانی پابەندی ئەوە نەبوون و ئێستە تەواوی گەڕەكەكانی سلێمانی بێ كارەبان.
لەوبارەیەوە فازڵ عومەر، قایمقامی سلێمانی بە وەكالەت رای گەیاند، لەگەڵ نوێنەری مۆلیدە ئەهلییەكان كۆبووینەتەوە و بڕیاری پێویست دراوە، خاوەن موەلیدەكان پارەی پێشەكیان دەوێت بۆ ئەوەی دەست بەكاركردن بكەنەوە.
بەپێی زانیارییەكانی "وشە" موەلیدەكان نەچوونە ژێر بڕیاری ئەنجوومەنی موەلیدە ئەهلییەكان و گوتوویانە مەرجیان هەیە كە پارەی پێشەكی وەربگرن و شەش مانگیش حكوومەت مانگانە ملیۆنێك دیناریان پێ بدات.