گرووپی "سەرایا ئەولیا دەم" بەپرسیارێتی هێرشەكانی سەر كوردستانی گرتە ئەستۆ

:: AM:09:04:04/03/2026 ‌
گرووپی "سەرایا ئەولیا دەم" كە یەكێكە لە پێكهێنەرانی گرووپی موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق، بەرپرسیارێتی ئەو هێرشە درۆنییانەی گرتە ئەستۆ كە بەرەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەم كرانە سەر هەولێر.

 ئەمشەو لە كەسنەزان درۆنێكی خۆكوژ كەوتە خوارەوە و بووە هۆی شكانی جامی پەنجەرەكان، هاوكات سێ كەس بریندار بوون.

درۆنەكە لە یەكێك لە گەڕەكەكانی كەسنەزان كەوتووەتە خوارەوە، زیان بە قوتابخانەیەك كەوتووە و جامی پەنجەرەكان شكاون، سێ كەسیش بریندار بوون كە كوڕ و باوكێك و ئافرەتێكن.

لە دوێنێ شەوەوە هێرشەكان بۆ سەر فڕۆكەخانەی هەریر لە سنووری پارێزگای هەولێر بەردەوامییان هەیە. بەپێی زانیارییان هێرشەكان لە ڕێگەی مووشەك و درۆنەوە ئەنجام دەدرێن.

تەنیا لە ماوەی شەوی ڕابردووەوە تا ئەمڕۆ، 11 جار هێرش كراوەتە سەر فڕۆكەخانەكە كە سێ لەو هێرشانە ئەمشەو ئەنجام دراون. لە فڕۆكەخانەی هەریر دووكەڵێك بەرز دەبێتەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی هیچ جووڵەیەكی سەربازی و مرۆیی تێدا نییە، هێرشەكان هیچ زیانێكی گیانییان لێ نەكەوتووەتەوە.

هاوكات لەگەڵ فڕۆكەخانەی هەریر، ئەمشەو سێ جار هێرش كراوەتە سەر چیای كۆڕەك، ئەمە لە كاتێكدایە كە هیچ سەربازگەیەك لە چیای كۆڕەك بوونی نییە و ناوچەكە مەدەنییە.

ئەو گرووپە "سەرایا ئەولیا دەم" بەرەبەیانیی چواری ئاداری 2026 لە راگەیەنراوێكدا بەرپرسیارێتیی خۆی لەو هێرشانە راگەیاند كە بە گوتەی ئەوان، لە رێگەی "پۆلێك درۆن"ەوە بنكەی هێزەكانی ئەمەریكایان لە نزیك فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر كردووەتە ئامانج.
 
ئەو گرووپە رای گەیاندووە، ئەو هێرشانەیان وەك تۆڵەسەندنەوە بووە لە كوژرانی ژمارەیەك گەنجی عێراقی لە ئەنجامی هێرشەكانی ئەمەریكا و ئیسرائیل، هەروەها تۆڵەسەندنەوەی كوژرانی عەلی خامنەیی رێبەری باڵای پێشووی كۆماری ئیسلامیی ئێرانە، كە لە هێرشی سوپای ئەمەریكا و ئیسرائیل لە 28ی شوبات كوژرا.
 
سەرایا ئەولیا دەم لە ساڵی 2020 دامەزراوە، گرووپێكی چەكداریی شیعەی ناو ئەو گرووپەیە كە خۆیان بە "موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" دەناسێنن و نزیكن لە كۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە. 
 



وشە - سۆران عەزیز