هێزە سیاسییەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان داوای فیدراڵییەت دەكەن

:: AM:11:00:04/03/2026 ‌
جێگری سكرتێری گشتیی حزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران ڕای گەیاند، هێزە سیاسییەكانی كورد، كار دەكەن بۆ دامەزراندنی سیستمێكی فیدراڵی لە ئێران. 

مستەفا مەولوودی بەدەنگی ئەمەریكا گوت، لەبەرئەوەی ئێران وڵاتێكی پان و بەرین و گەورەیە، وڵاتێكی جۆراوجۆر و پێكهاتەی جۆراوجۆری تێدایە، كار دەكەن بۆ دامەزراندنی سیستمێكی فیدراڵی.

ئاشكراشی كرد، "ئەگەر  وڵاتانی زلهێز دەیانەوێ لە ئێران سیستمێكی دیموكراسی هەبێت كە وەڵامدەرەوەی خواستەكانی خەڵك بێت، سیستمی ئێران دەبێت دیموكراسی فیدراڵی بێت وەك ئەو فیدراڵییەی لە دنیادا هەیە."

جێگری سكرتێری گشتیی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران، لەبارەی پێویستی دامەزراندنی سیستمی فیدراڵی بۆ ئێرانی دوای ڕژێمی كۆماری ئیسلامی دەڵێت: كورد خواستی ئەوەی هەیە و ئەو زەوینەیە دەبێت دروست بێت. 

هاوكات باسی لەوەش كردووە، ئێرانییەكانی ناوەند ئەگەر دەیانەوێ وڵاتەكەیان ئاسوودە بێت، دەبێت بیر لەو سیستمە بكەنەوە".

بەگوێرەی راپۆرتێكی ئەمەریكی، ترەمپ لەگەڵ زۆر لە سەركردە كوردەكان قسەی كردووە و هەروەها ئامادەیە پشتگیریی ئەو گرووپانەی ناو ئێران بكات كە دەیانەوێ چەك هەڵبگرن و وەك هێزی وشكانی بەشداریی شەڕەكە بكەن.



وشە - سۆران عەزیز