وەزیری شارەوانی دڵنیایی دەدات .. هەموو فەرمانبەر و خانەنشینان زەوی وەردەگرن

:: PM:03:14:04/03/2026 ‌
تیرووپشك بۆ قۆناغی شەشەمی دابەشكردنی زەوی كرا كە زیاتر لە شەش هەزار پارچە زەوی دەبێت و وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاریش رای دەگەیەنێت، نزیكەی 82 هەزار فەرمانبەر لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر فەرمانی وەزاری بۆ دەرچووە. 

ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ئاماژەی بەوە كرد لە قۆناغی شەشەمدا زیاتر لە شەش هەزار پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دابەش دەكرێت و پڕۆسەی دابەشكردنی زەوی بە بڕیای  سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوامە بۆ سوودمەندبوونی فەرمانبەران.

روونیشی كردەوە كە لەوەتەی بڕیارەكە دەرچووە تا ئێستە كاری زۆر باش كراوە، نزیكەی 82 هەزار فەرمانبەر لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر فەرمانی وەزاری بۆ دەرچووە بۆ وەرگرتنی زەوی، بە پێنج قۆناغ زەوی دابەش كراوە و تا ئێستە 32 هەزار فەرمانبەر لە كەرتەكانی ئاشۆكان، دارەبەن، سەیدان، خەرابەدراو، گردەچاڵ، بەرحوشتر و جەژنیكان زەویان بەسەردا دابەش كراوە و ئەمڕۆش لە قۆناغی شەشەمدا زیاتر لە شەش هەزار پارچە زەوی تر لە كەرتی گردعارەق دابەش دەكرێت و پرۆسەی دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەرانی سەرجەم وەزارەت و دامودەزگای حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت.

ئاماژەی بەوەش كرد حكوومەتی هەرێمی كوردستان و سەرجەم فەرمانگە و داودەزگەكان ڕژدن لەسەر كاركردن لە پرۆسەی دابەشكردنی زەوی و ئەو فەرمانبەر و خانەنشینانەی تا ئێستە زەویان وەرنەگرتووە، دڵنیایی دەدەین لە قۆناغەكانی داهاتوودا هەموویان زەوی وەردەگرن و سوودمەند دەبن.

ساڵی 2024، مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان بڕیاریدا بە دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار دەمودەست لێژنە و تیمی تایبەتی دروست كرد و پرۆسەكە كەوتە بواری جێبەجێكردن و تا ئێستە لە زۆرینەی ئەو شارەوانییانەی ڕێكارەكانیان تەواو كردووە، زەوی دابەشكراوە و بەردەوام دەبێت.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم