دەفتەری سیاسیی كۆمەڵە لەبارەى بەشدارییان لە هاوپەیمانیی كوردستان، بەیاننامەیەكیان بڵاو كردەوە و رایان گەیاند، دێنە پاڵ هاوپەیمانیی حزبە كوردییەكانی تری رۆژهەڵاتی كوردستان.
لە بەیاننامەكەدا هاتووە، هەمووان دەبینین كە لە ڕۆژانی ڕابروودا قۆناغێكی بەتەواوی نوێ هاتووەتە ئاراوە، تەوژمی گۆڕان زیاتر لە هەموو كات ڕووی لە ناوچەكەی ئێمە كردووە و كوردستانی ڕۆژهەڵاتی خستووەتە بەردەم هەلومەرجێكی زۆر هەستیار و مێژوویی كە ئەوەش لە هەموو كات زیاتر پێویستی بە یەكڕیزی، هاوئاهەنگى و كاری هاوبەشە.
"هەروەها زۆرێك لە دۆستان و دڵسۆزانی كۆمەڵە و بزووتنەوەی كوردستان لەم ماوەیەدا پێوەندییان پێوە كردووین و لەسەر ڕۆڵ و نەخشی كاریگەری كۆمەڵە لە پتەوتركردن و كارامەتركردنی یەكگرتوویی و یەكڕیزی نێو ماڵی كورد دواون و داواكاری بەشداریمان لە هاوپەیمانی بوون" لە بەیاننامەكەدا هاتووە.
دەفتەری سیاسیی كۆمەڵە بڕیاری دا لە ئەمڕۆوە بەشداری هاوپەیمانیی حزبەكانی كوردستان بكات و ئەو بابەتانەی بۆ بزووتنەوەكە و بۆ داهاتووی كوردستان بە گرنگیان دەزانێ لە ناوخۆی هاوپەیمانییەكە و بە دیالۆگی هاوڕێیانە چارەسەر بكات.