نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە پێوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران، پەیامێکی ڕوونی گەیاند و ڕای گەیاند، هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە فاکتەری ئارامی دەبێت و تێکەڵ بە ململانێکان نابێت.
ئەمڕۆ چوارشەم، چواری ئاداری 2026، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێوەندییەکی تەلەفۆنیی لە عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە پێ گەیشت.
لە پێوەندییەکەدا، وێڕای باسکردنی پێوەندییەکانی تاران و هەولێر، دواین پەرەسەندنەکانی ناوچەکە و لێکەوتەکانی تاوتوێ کران و هەردوولا دووپاتیان لە گرنگیی پاراستنی ئارامی و سەقامگیری کردەوە.
تەوەرێکی تری گفتوگۆکە تایبەت بوو بە پاراستنی ئاسایشی سنوورەکان، بە شێوەیەک کە ڕێگری لە هەر هەوڵێک بکرێت بۆ تێکدانی سەقامگیریی ناوچەکە و ئاڵۆزکردنی زیاتری دۆخەکە.
لای خۆیەوە، نێچیرڤان بارزانی دووپاتی کردەوە، "هەرێمی کوردستان نابێتە بەشێک لە ململانێکان و وەک هەمیشە فاکتەری ئارامی دەبێت".
هەروەها سەرۆکی هەرێم پشتیوانیی خۆی بۆ هەوڵە دیپلۆماسییەکان دەربڕی بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکان و دوورخستنەوەی مەترسییەکانی شەڕ لە گەلانی ناوچەکە.