مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەیامێکدا بەبۆنەی ساڵیادی ڕاپەڕین، هۆشداری دەدات لە دۆخی هەستیاری ناوچەکە و ڕای دەگەیەنێت، جەنگی ئەمەریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران هەڵگیرساوە و هەرچەندە هەرێم بەشێک نییە لێی، بەڵام دۆخەکە گرژە و دەبێت حكوومەتی فیدراڵ ڕێگری لە هێرشی میلیشیاکان بکات.
ئەمڕۆ چوارشەم چواری ئاداری 2026، مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان پەیامێکی بەبۆنەی 35ەمین ساڵیادی ڕاپەڕین بڵاو کردەوە، ئەمە دەقەکەیەتی:
پەیامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بەبۆنەی 35ەمین ساڵیادی ڕاپەڕینە شکۆدارەکەی گەلەکەمان.
لاپەڕە گەشەکانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی گەلەکەمان بە قوربانیدان و خۆڕاگری و ئیرادەی ڕۆڵە دڵسۆزەکان نەخشێنراوە، هێزێک کە هەمیشە سەنگەری دژ بە ستەم و زۆرداری بوو و سەلماندی کە هێزی گەل تاکە هێزی ڕاستەقینەی شۆڕش و بەرخودانە.
یەکێک لەو ئەڵقە چارەنووسسازانەی خەباتی بەردەوام و نەپساوەمان، ڕاپەڕینی شکۆداری (پێنجی ئاداری 1991) بوو، کە لە شاری ڕانیەی دەروازەی ڕاپەڕین دەستی پێ کرد و کڵپە و گڕی ڕاپەڕین خامۆش نەبوو تا ئازادکردنی کەرکووکی دڵی کوردستان، ڕاپەڕین وەستانەوە بوو دژ بە ستەم و سەرکوتکاریی ڕژێمی بەعس و دارودەستەکەی و بوو بە هەنگاوێکی مەزن و هیوابەخش بۆ بنیاتنانی ئەزموونێکی نوێی فەرمانڕەوایی کورد، کە خۆی لە هەڵبژاردنی پەرلەمان و بنیاتنانی حكوومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 1992ـدا نیشان دا.
بنیاتنان و پلان و کارنامە و پتەوکردنی ئەو قەوارە دەستوورییەی هەرێم ئاسان نەبوو، بەڵکو تاکو ئەمڕۆش ڕووبەڕووی کۆمەڵێک بەربەست و گیروگرفتی سیاسی، ئابووری و ئەمنی دەبێتەوە، بەڵام بە باوەڕ و دڵسۆزیی گەل و هێزە نیشتمانییەکان و قوربانیدانی پێشمەرگە قارەمانەکان، وڵاتمان هەمیشە ئارام و سەقامگیر ماوەتەوە.
هاووڵاتییانی خۆشەویستی کوردستان
ڕاپەڕین و دەستکەوتەکانی کە بەرهەمی خوێنی شەهیدە نەمرەکان و ڕەنج و تێکۆشانی پێشمەرگە نەبەزەکان و پەیڕەوانی ڕێبازی بارزانی و ڕۆڵەکانی گەلەکەمان بوو لەژێر سایە و حیکمەت و سەرکردایەتیی سەرۆک مەسعوود بارزانی، ئەو ڕاستییەی سەلماند کە سەرکەوتنی نەتەوەکەمان لە یەکدەنگی و برایەتیمان دایە و ناتەبایی و پەرتەوازەییش تەنیا زیان بە میللەتەکەمان دەگەیەنێت.
لەم یادە شکۆمەندەدا، لە پارتی دیموکراتی کوردستان جەخت لەسەر یەکڕیزیی ناو ماڵی کوردستانی دەکەینەوە و بە ئەرکی هەموو لایەکی دەزانین لە پرسە ستراتیجییەکاندا هاوئاراستە و هاوگوتار بین و بەرژەوەندییە باڵاکانی خەڵکی کوردستان لەپێش هەر شتێکی دیکەوە دابنرێت.
کوردستانییانی هێژا
هەلومەرجی سیاسیی ناوچەکە بە قۆناغێکی هەستیار و چارەنووسسازدا تێدەپەڕێت، جەنگ هەڵگیرساوە کە هەرێمی کوردستان بەشێک نییە لەو شەڕە بەڵام بارودۆخێکی گرژ هاتووەتە ئارا. پێویستە و کاری لەپێشینەی هەموو لایەکە کار بۆ سەقامگیریی هەرێم و پاراستنی دەستکەوتەکانمان و پاڵپشتیی دامەزراوەکان و حكوومەتی هەرێم بکەین بۆ پاراستنی ئاسایش و ژیان و گوزەرانی هاووڵاتییانمان، هەوڵەکانمان بۆ ئەوە بێت عێراق بەگشتی و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی دوور بێت لە شەڕ و پەلکێشی شەڕ و ململانێکان نەکرێن و ڕێگە لە میلیشیا و چەکدارە لەیاسادەرچووەکان بگیرێت لەو هێرشانەی دەیکەنە سەر هەرێمی کوردستان، پێویستە حكوومەتی فیدراڵ بە ئەرکی دەستووری و یاساییی خۆی هەڵسێت لە بەرانبەر ئەو دەستدرێژییانەی کە لە کاتی هەڵگیرسانی شەڕی ئیسرائیل و ئەمەریکا لەگەڵ ئێران دەستی پێ کردووە و بووەتە هۆی نیگەرانیی هاووڵاتییانمان.
پارتیمان جەخت دەکاتەوە کە هەرێمی کوردستان نەبووە و ناشبێتە پێگەیەک بۆ نیگەرانکردنی دراوسێکانمان و لەو ئاراستەیەش بەردەوام دەبین، هەروەکو چۆن مافی خۆمانە ئەو چاوەڕوانییەشمان لە دراوسێکانمان هەبێت.
هاوکات پێداگرین لەسەر ماف و دۆزی ڕەوای گەلەکەمان و هاووڵاتییانیشمان هان دەدەین پاڵپشت و هاوکاریی دامودەزگا ئەمنی و پێوەندیدارەکان بن لەم هەلومەرجەدا هەروەکو هەمیشە هاوکار بوون.
لە یادی ڕاپەڕیندا، سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەهیدانی کورد و کوردستان، سەروەریان بارزانیی نەمر و کاک ئیدریسی هەمیشە لەیاد دادەنوێنین.
دروود بۆ شەهیدانی ڕاپەڕینی شکۆداری ئاداری 1991. سڵاو بۆ گیانی پاکی شەهیدانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کورد و کوردستان.
هەر بەرز و شەکاوە بێت 35یەمین ساڵیادی ڕاپەڕین.
مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان
پێنجی ئاداری 2026