ئاشتیاكۆ پووركەریم: رۆژهەڵاتی كوردستان فیدڕاڵی بەدەست دەهێنێ‌

:: PM:03:14:07/03/2026 ‌
سەرۆكی بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی كوردستان رای دەگەیەنێت، دوای ئەو دۆخە لانی كەم فیدڕاڵی لە ئێرانی نوێ بۆ كورد دەستەبەر دەبێت، " ئامادەین بۆ كۆنتڕۆڵكردنی رۆژهەڵاتی كوردستان".

ئاشتیاكۆ پووركەریم سەرۆكی بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی كوردستان، بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، هێزی پێشمەرگەی هەموو لایەنەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لە ئامادەباشیدان، بەڵام تا ئێستە هیچ جوڵەیەكی سەربازی نەبووە، هەموو لایەنەكان لە خۆڕێكخستندان و بە هاوئاهەنگی پێكەوە كاردەكەن.

ئەو دەڵێ‌، بێگومان هێزی پێشمەرگەی رۆژهەڵات هەموو پێكەوە دەتوانێت كۆنتڕۆڵی دۆخی رۆژهەڵاتی كودستان بكات، ئەو كەسانەی لەگەڵ رژێمی ئێران بوون زۆرینەیان ڕۆژهەڵاتی كوردستانیان بەجێ هێشتووە، هەروەها لە ڕێگای جاشەكانەوە سوپای ئێران كۆمەڵێك چەكی قورس و مام ناوەندیان هێناوەتە سنوورەكان.

ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، بەهۆی ئەوەی حكوومەت خەریكە تارانی پایتەخت لەدەست دەدات، بۆیە ناچارە هێزەكانی لە ڕۆژانی ئایندە لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان بكێشێتەوە، هەموو لایەنەكان داوایان لە هەموو ئەو كوردانەی لە ریزی رژێمدان واز بێنن و پارێزراو دەبن.

"لە لایەن ئەمەریكاوە لەگەڵ زۆرێك لە سەركردەكانی حزبەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان قسە كراوە، پێیان گوتراوە پشتیوانییتان لێدەكەین، ئێستە ئاسمانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە كۆنتڕۆڵی ئەمەریكا و ئیسرائیلە" ئاشتیاكۆ پووركەریم وای گوت. 

ئەوە لەكاتێكدایە كە هێشتا شەڕی نێوان ئێران- ئەمەریكا ئیسرائیل بەردەوامە، دۆخی رۆژهەڵاتی كوردستانیش لەچوارچێوەی دۆخی گشتیی ئێران بەردەوام مووشەكباران دەكرێن و چەندان شوێنی بە تەواوی خاپوور كراون بەبێ‌ ئەوەی هیچ جووڵەیەكی سەربازی لەناو شارە كوردییەكاندا هەبن. 

هەڵەبجە/ عەزیز هەورامی



وشە - وشه‌