ئەردۆغان پێوەندی بە نێچیرڤان بارزانییەوە كرد

:: PM:07:58:07/03/2026 ‌
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێوەندییەكی تەلەفۆنیی لە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیاوە پێگەیشت.

بە گوێرەی راگەیەنراوی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، بە وردی تیشكیان خستە سەر دۆخی ناوچەكە و ئەو ئاڵنگارییە مەترسیدارانەی لە ئەنجامی شەڕدا هاتوونەتە ئاراوە. هەردوولا هاوڕا بوون كە پەرەسەندنی گرژییەكان هەڕەشەیەكی ڕاستەقینە لەسەر ئێستە و داهاتووی سەقامگیری دروست دەكات، بۆیە دووپاتیان لە پێویستیی گرتنەبەری ڕێگەچارەی سیاسی كردەوە بۆ ڕێگری لە تەشەنەكردنی ململانێكان و پاراستنی گەلان لە ماڵوێرانییەكانی شەڕ.

لە لایەكی ترەوە ئەردۆغان سوپاس و پێزانینی تایبەتی خۆی ئاراستەی نێچیرڤان بارزانی كرد بۆ ڕۆڵی دیار و ئەرێنییان لە هاوكاری و پشتیوانیكردنی ئاشتی لە توركیا. هەروەها ئاماژەی بەوە دا كە ئەم هەڵوێستانە فاكتەرێكی بنەڕەتین بۆ چەسپاندنی تەبایی و پێكەوەژیانی گەلان و كەمكردنەوەی ئاڵۆزییەكان لە ناوچەكەدا.

لای خۆیەوە، نێچیرڤان بارزانی دووپاتی كردەوە كە هەرێمی كوردستان وەك هەمیشە كار بۆ ئارامی لە ناوچەكەدا دەكات و پشتگیری لە هەموو هەنگاوێكی ئاشتیخوازانە و دیالۆگ دەكات بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، بە شێوەیەك كە ئاسایش و بەرژەوەندیی گشتیی گەلانی ناوچەكە بپارێزرێت.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم