سەرۆکی حكوومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆک وەزیرانی کوێت، لە پێوەندییەکی تەلەفۆنیدا دۆخی ئاڵۆزی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد و نیگەرانیی خۆیان لە پەرەسەندنی هێرشەکان دەربڕی، هاوکات دووپاتییان لە هاوئاهەنگی کردەوە.
ئێوارەی ئەمڕۆ شەموو حەوتی ئادار، مەسروور بارزانی سەرۆکی حكوومەتی هەرێمی کوردستان و شێخ ئەحمەد عەبدوڵا ئەلسەباح سەرۆک وەزیرانی دەوڵەتی کوێت، پێوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجام دا.
لە پێوەندییەکەدا گفتوگۆ لەبارەی دۆخی گشتیی ناوچەکە و بەتایبەت دەوڵەتی کوێت، عێراق و هەرێمی کوردستان و دواین پەرەسەندنەکانی شەڕ و ئاڵۆزییەکان کرا. هەردوولا نیگەرانیی قووڵی خۆیان لە پەرەسەندنی هێرش و شەڕ و گرژییەکان دەربڕی.
هەروەها دووپاتیان لە پێویستیی بەهێزکردنی هاوکاری و هاوئاهەنگیی دوولایەنە کردەوە، بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە و پاراستنی ئاشتی و ئارامی و سەقامگیریی ناوچەکە.