گوتەبێژی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، چاوەڕوانییان لە دەسەڵاتدارانی حكوومەتی فیدراڵ و لایەنە سیاسییەكان هەیە، بەتایبەت ئەوانەی خۆیان بە خاوەنی بڕیاری عێراق دەزانن، هەڵوێستیان روون بێت بەرانبەر ئەو تەعدایەی دەكرێتە سەر هەرێمی كوردستان.
ئەمڕۆ یەكشەم هەشتی ئادار، دڵشاد شەهاب گوتەبێژی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكدا رای گەیاند، دامەزراوە فەرمییەكانی عێراق ئێستە لەبەردەم پرسیارێكی گەورەدان، تەنانەت ئەنجوومەنی نوێنەرانیش بە راستی جێگەی نیگەرانی و سەرسووڕمانێكی زۆرە.
"دوێنێ دانیشتنێكی پەرلەمان بەڕێوەچوو بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخی تەناهیی عێراق، كەچی بە یەك وشەش باسی هەڕەشەكانی سەر هەرێمی كوردستان نەكراوە، ئەمە ئاماژەیەكی هەڵەیە و پێویست دەكات دامەزراوە فەرمییەكان بە رژدی هەڵوێستی كردەییان هەبێت و ڕێگە لەو دەستدرێژییە ترسنۆكانە بگرن" دڵشاد شەهاب وای گوت.
دڵشاد شەهاب بە توندی سەركۆنەی هێرشەكانی سەر هەولێری كرد و رای گەیاند، چاوەڕوانییان لە دەسەڵاتدارانی حكوومەتی فیدراڵ و لایەنە سیاسییەكان هەیە، بەتایبەت ئەوانەی خۆیان بە خاوەنی بڕیاری عێراق دەزانن، هەڵوێستیان روون بێت بەرانبەر ئەو تەعدایەی دەكرێتە سەر هەرێمی كوردستان.