بڕیارە ئەمڕۆ سێ هەزار فەرمانبەر لە سنووری شەقڵاوە زەوی وەربگرن، شوێنی زەوییەكانیشیان میراوەیە كە شوێنێكی باشی سنووری شەقڵاوەیە.
ئەمڕۆ دووشەم نۆی ئادار، مەریوان هادی بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەكانی هەولێر، بە "وشە"ـی راگەیاند، ئەمڕۆ لە سنووری شەقڵاوە دەست دەكرێت بە دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەرانی مەدەنی و سەربازی.
زیاتر گوتی، ئەو زەوییانە بەپێی ئامادەكار و نەخشەسازی، لە باشترین شوێنی شەقڵاوە دیاری كراون.
ئەوە لە كاتێكدایە بەپێی زانیارییەكانی "وشە"، ئەو زەوییانە كەوتوونەتە سنووری میراوە و ژمارەی زەوییەكانیش سێ هەزار پارچەیە.
بە گشتیی لەوەتەی بڕیارەكە دەرچووە، تا ئێستە نزیكەی 82 هەزار فەرمانبەر لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر، فەرمانی وەزارییان بۆ دەرچووە بۆ وەرگرتنی زەوی، بە پێنج قۆناغ زەوی دابەش كراوە و تا ئێستە 32 هەزار فەرمانبەر لە كەرتەكانی ئاشۆكان، دارەبەن، سەیدان، خەرابەدراو، گردەچاڵ، بەرحوشتر و جەژنیكان زەویان بەسەردا دابەش كراوە، لە قۆناغی شەشەمدا زیاتر لە شەش هەزار پارچە زەوی تر لە كەرتی گردعارەق دابەش كران.
ساڵی 2024 مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، بڕیاری دا بە دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار دەمودەست لیژنە و تیمی تایبەتی دروست كرد و پرۆسەكە كەوتە بواری جێبەجێكردن، تا ئێستە لە زۆرینەی ئەو شارەوانییانەی ڕێكارەكانیان تەواو كردووە، زەوی دابەش كراوە و بەردەوام دەبێت.