لە سلێمانی دانانی سیستمی بەرهەمهێنانی كارەبا لە وزەی خۆر لە زیادبووندایە

:: AM:09:51:09/03/2026 ‌
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كارەبای سلێمانی ئامارێكی بڵاو كردەوە و رای گەیاند، بەرهەمهێنانی كارەبا لە وزەی خۆر گەیشتووەتە زیاتر لە (84) مێگاوات كارەبا.

ئەمڕۆ دووشەم نۆی ئادار، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی كارەبای سلێمانی بڵاوی كردەوە، بەپێی ئامارەكانی بەشی وزە نوێبووەكان لە سنووری پارێزگای سلێمانی، رۆژ لە دوای رۆژ هاووڵاتییان روو لە دانانی سیستمی كارەبای وزەی خۆر دەكەن و كۆی گشتیی بەرهەمهێنانی كارەبا لە وزەی خۆر، گەیشتووەتە زیاتر لە (84) مێگاوات كارەبا.

ئاماژە بەوەش كراوە، بەپێی كۆتا ئامار تا دوێنێ‌ ژمارەی ئەو هاوبەشانەی كارەبا كە سیستمەكەیان داناوە و لە بەشی وزە نوێبووەكان تۆمار كراون، گەیشتووەتە (3110) هاوبەش و بڕی بەرهەمهێنانی كارەبایان گەیشتووەتە (84) مێگاوات.

لەو هاوبەشانەی سیستمی سۆلاریان داناوە (2562) هاوبەشی ماڵان و (443) هاوبەشی بازرگانی و (15) هاوبەشی پیشەسازی و (85) هاوبەشی كشتوكاڵی و (5) هاوبەشی میرین.


وشە - رامیار جەواد