د. كارۆخ خۆشناو: گرووپە لە یاسادەرچووەكان دەیانەوێ كوردستان ڕاكێشنە ناو شەڕەوە

:: PM:08:11:09/03/2026 ‌
گرووپە لە یاسادەرچووەكانی عێراق، بەردەوامن لە هێرشی تیرۆریستییان بۆ ئارامیی كوردستان، چاودێرانی سیاسی دەڵێن، تیرۆریستان دەیانەوێ ئارامی و خۆشگوزەرانی بشێوێنن و كوردستان ڕاكێشنە ناو جەنگ.

د. كارۆخ خۆشناو سەرۆكی ئەنیستیتۆی توێژینەوەی ئەمەریكی- كوردی، بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ئەو گرووپە تیرۆریستییانەی هێرش دەكەنە سەر كوردستان، سەربە حەشدی شەعبیی وەلائین، هێرشەكانی پێشترشیان بە بیانووی بوونی كۆنسوڵگەی ئەمەریكا كردووەتە سەر هەولێر، لە بنەڕەتدا ئەو گرووپە تیرۆریستییانە چاویان بە ئاسایش و گەشەكردنی كوردستان هەڵنایەت، ئەجێندای دەوڵەتانی هەرێمی جێبەجێ دەكەن.

روونیشی كردەوە كە ئەو گرووپە تیرۆریستییانە دەیانەوێ كوردستان ببەنە ناو شەڕەكەوە، بەڵام سیاسەتی سەركردایەتیی كوردستان ڕوون و ئاشكرایە، بەجۆرێك كوردستان هەمیشە بەشێك بووە لە چارەسەر و بەردەوام فاكتەری ئارامیی بووە بۆ وڵاتانی دراوسێ، هەروەها پێوەندیی دیپلۆماسی هاوسەنگی هەیە لەگەڵ  ئەمەریكا و ئێران.

د. كارۆخ خۆشناو دەڵێ، حكوومەتی عێراق نەیتوانیوە كۆنترۆڵی گرووپە چەكدارییەكان بكات و لە ژێر چەتری سیستمیی بەرگریی عێراق كۆیان بكاتەوە، ئەمەریكا بەردەوام داوای لە فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق كردووە، چارەسەرێك بۆ چەكی دەرەوەی دەستی دەوڵەت بدۆزێتەوە، بەڵام عێراق شكستی هێناوە جگە لە پەیامی شەرمنانە هیچی لە دەست نایەت، ئەو گرووپانە خۆیان پێ دەوڵەتی قووڵی عێراقە، دەیانەوێ سوپایەكی هاوشانی سوپای فەرمی عێراق دامەزرێنن، ئەمەش پێچەوانەی دەستووری عێراقە و لە سیستمی هیچ وڵاتێكی دیموكراسیدا بوونی نییە.

لە كۆتاییدا خۆشناو دەڵێ، وێڕای ئاڵنگارییەكان ئاسۆی كوردستان بە گشتی ڕوونە و داهاتووشمان گەشە، ئەمەش لە چوارچێوەی مامەڵەیەكی حەكیمانەی سەركردایەتیی سیاسیی  كوردستاندایە، كە لە ڕابردوو ئێستە و داهاتووشدا بەشێوەیەكی هاوسەنگ سیاسەت دەكەن لەگەڵ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەگشتی و دەوڵەتانی دراوسێ بەتایبەتی.

هەڵەبجە / عەزیز هەورامانی



وشە - سه‌رخێڵ هاشم