لێدوانێك لە وەزیری شارەوانییەوە لەبارەی ئەو زەوییانەی دراون بە فەرمانبەران

:: PM:08:13:09/03/2026 ‌
پرۆسەی دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە ڕاژەی شارستانی و پێشمەرگە و ئاسایش و هێزە تەناهییەكان بەردەوامە، ئەمڕۆیش دوو هەزار و 585 پارچە زەویی تر لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی شەقڵاوە تیروپشكیان بۆ كرا.

ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتەگوزار لە ڕێوڕەسمەكەدا ئاماژەی بەوە كرد، ئەمڕۆ لە یادی 35 ساڵەی ڕاپەڕینی خەڵكی كوردستان و شەقڵاوە، پرۆسەی دابەشكردنی زەوی بەسەر سەرجەم  فەرمانبەرانی شەقڵاوە ڕادەگەیەنین كە دوو هەزار و 585 پارچە زەوی بەسەر سەرجەم فەرمانبەرانی شەقڵاوە ئەوانەی ڕەزامەندییان هەیە دابەش دەكەین.

روونیشی كردەوە كە تا ئێستە لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی هەولێر (سەرۆكایەتییەكانی شارەوانی لە دەوروبەری هەولێر)، زیاتر لە 32 هەزار پارچە زەوی دابەش كراوە و "تیمەكانی سەرۆكایەتیی شارەوانییەكان، بەردەوام كار لەسەر ئیفرازكردنی زەوییەكان و دروستكردنی نەخشەی كەرتی دەكەن".

ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، سەرنجی خستە سەر ئەوەی كە ئەو بڕیارە گرنگەی پێدانی زەوی بە فەرمانبەران، بڕیاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان و مەسروور بارزانی بوو كە ئەو پرۆسەیە ماوەی ساڵانێكی زۆر بوو وەستابوو، ئەو بڕیارەی سەرۆكی حكوومەت لە هەموو كوردستان لەلایەن فەرمانگەكانی شارەوانی و كشتوكاڵ و‌ پێوەندیدارەكانەوە بڕیارەكەیان جێبەجێ كردووە و قۆناغێكی زۆر باشی بڕیوە.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم