سەلاحەدین محەمەد بەهادین ئەمینداری گشتیی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان، ناوەڕۆكی سەردانێكی بۆ لای سەرۆك بارزانی بڵاو كردەوە.
لە راگەیەنراوەكەدا هاتووە، ئەمینداری گشتیی یەكگرتوو وێڕای ئاماژەدان بە بارودۆخی ناوچەكە دووپاتی لەوە كردەوە، کە سەرەڕای بوونی جیاوازیی بۆچوونی سیاسیی نێوان لایەنەكان، دۆخەكە وا دەخوازێ كە دەبێ ڕاگۆڕینەوە و هاوئاهەنگی بەردەوامی نێوان هێزە سیاسییەكان لەسەر بابەتە هەستیارەكان هەبێت.
هەروەها سوپاسی ڕۆڵی سەرۆک بارزانی كرد بۆ هەوڵە بەردەوامەكانی بۆ مافی گەلی كورد لە ڕۆژئاوا و پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا.
لە تەوەرێكی تردا هەردوولا تیشكیان خستە سەر دوا پێشهاتەكانی ناوچەكە و دووپاتیان كردەوە كە هەرێمی كوردستان بەشێك نییە لەو شەڕە و هەمیشە خوازیاری گفتوگۆ و چارەسەری ئاشتییانەی كێشەكانە و ئەولەویەت پاراستنی سەقامگیری و ئاسایشی كوردستانە، هەروەها نیگەرانی خۆیان دەربڕی لەوەی هەندێ گرووپ لە پەراوێزی ئەم شەڕە ناوچەییەدا پەلاماری هەرێمی كوردستان دەدەن، بۆیە پێویستە حكوومەتی عێراق سنوورێك بۆ ئەم ڕەفتارانە دابنێ.