ڕێككەوتننامەی 11ی ئادار بەر لە 56 ساڵ، لە نێوان حكوومەتی عێراق و سەركردایەتیی سیاسیی شۆڕشی ئەیلوول بە ڕابەرایەتیی بارزانیی نەمر واژوو كرا، بە یەكێك لە بەڵگەنامە مێژووییە گرنگەكان بۆ كورد دادەنرێت.
ئەو ڕێككەوتننامەیە رووداوێكی گرنگی مێژوویی ئەوتۆ بوو لە رووی دیموكراسی و چەسپاندنی ئارامی و سەقامگیری لە عێراق و ناوچەكەدا، وەك بەڵگەنامەیەكی مێژوویی كاریگەریی خۆی هەبوو بەسەر رەوتی بزاڤی رزگاریخواز و نەتەوەیی كورد و بەدیهاتنی ئامانجە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان.
رێككەوتننامەی 11ی ئادار، دەرفەتی ئاشتەوایی و سەقامگیریی و ئاوەدانكردنەوەی لە عێراق رەخساند، حكوومەتی عێراقی ئەوكاتی ناچار كرد بەپێی ناوەڕۆكی ئەو رێككەوتننامەیە، ملكەچ بكات بۆ داوا و مافە رەواكانی گەلی كورد و بزووتنەوە رزگاریخوازەكەی.
شۆڕشی ئەیلوول بووە یەكەمین شۆڕشی كوردستانی كە توانی بەئامانج بگات، بۆ یەكەم جار ناوچەیەكی ئۆتۆنۆمی ددانپێنراو دروست بوو، زمانی كوردی شانبەشانی زمانی عەرەبی وەك زمانی فەرمی ناسێنرا، كوردیش وەك هاوبەش لە عێراقدا مامەڵە بكات. ئەم رێككەوتنامەیە بووە خاڵێكی وەرچەرخانی گرنگی مێژوویی كە سەنگ و كاریگەریی خۆی هەبوو.
ڕژێمی ئەوكات هەوڵی لەناوبردنی شۆڕشیان دا و رێككەوتننامە خیانەتكارەكەی جەزائیریان واژوو كرد، بۆ ماوەیەكی كاتی شۆڕش تووشی نسكۆ بوو، بەڵام نەیانتوانی ئیرادەی كوردستانیان بشكێنن، ئەوەبوو دوای ماوەیەكی كەم، جارێكی تر بەهەمان ئیرادە و رۆحیەتی پۆڵاینیی شۆڕشی ئەیلوول، لە 26 گوڵاندا شۆڕش هەڵگیرسا.
حكوومەتی عێراق لە پیلانەكانی دژی گەلی كورد بەردەوام بوو، لە ساڵی 1975 رێككەوتننامەی جەزائیری لەگەڵ شای ئێران واژوو كرد كە بەگوێرەی ئەو رێككەوتنە، بەغدا رازی بوو جارێكی تر سنووری نێوان عێراق و ئێران دەستكاری بكرێتەوە، بەو مەرجەی چیتر تاران پشتیوانیی شۆڕشی كورد لە عێراق نەكات، بەمەش رێككەوتنی 11ـی ئادار بەكۆتا هات.