نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە ساڵیادی رێككەوتننامەی 11ـی ئادار پەیامێكی بڵاو كردەوە و رای دەگەیەنێت، ڕێككەوتننامەی 11ی ئادار تەنیا دەستكەوتێكی نەتەوەیی نەبوو، بەڵكو نەخشەڕێگەیەكی دروست و نموونەیی بوو.
ئەمڕۆ چوارشەم 11ـی ئادار، لە پەیامێكی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستاندا هاتووە، ئەمڕۆ بە شكۆدارییەوە یادی پەنجا و شەش ساڵەی ڕێككەوتننامەی مێژوویی 11ی ئاداری 1970 دەكەینەوە. ئەم ڕێككەوتننامەیە كە بە ڕابەرایەتیی بارزانیی نەمر و شۆڕشی مەزنی ئەیلوول هاتە ئاراوە، گەورەترین دەستكەوتی سیاسی و یاسایی بوو. وەك یەكەم بەڵگەنامەی فەرمیی ددانپێدانان بە مافەكانی گەلی كوردستان لە مێژووی هاوچەرخدا تۆمار كرا و بووە بنەمای هەموو دەستكەوتەكانی دواتری هەرێمی كوردستان. لەم یادەدا، سەری ڕێز و نەوازش بۆ گیانی پاكی شەهیدان دادەنەوێنین و سڵاو بۆ تێكۆشەران و پێشمەرگە قارەمانەكان دەنێرین.
سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەڵێت، ڕێككەوتننامەی 11ی ئادار تەنیا دەستكەوتێكی نەتەوەیی نەبوو، بەڵكو نەخشەڕێگەیەكی دروست و نموونەیی بوو بۆ چەسپاندنی ئاشتی و پێكەوەژیان لە عێراقدا. مێژوو سەلماندی كە پاشگەزبوونەوەی دەسەڵاتدارانی ئەوسای عێراق لەو ڕێككەوتنە و پەنابردن بۆ لۆجیكی هێز لەجیاتی گفتوگۆ، عێراقی ڕووبەڕووی چەندان دەیە شەڕ، ماڵوێرانی، ناسەقامگیری و بەفیڕۆدانی سامانە مرۆیی و مادییەكان كردەوە كە تا ئەمڕۆش باجی ئەو هەڵە مێژووییانە دەدات.
ئاماژەن بەوەش دەكات، لە كاتێكدا ئەم یادە دەكەینەوە، ناوچەكەمان لەناو ئاڵۆزی و مەترسییەكانی پەرەسەندنی شەڕدایە. ئەم دۆخە ئاڵۆزە پێمان دەڵێت كە پێویستە هەموو لایەك بە هەستیاری و بەرپرسیاریەتییەوە مامەڵە بكەن و كێشەكان بە شێوەیەكی ئاشتییانە چارەسەر بكرێن و ڕێگە لە تەشەنەسەندنی زیاتری شەڕ و ئاڵۆزییەكان بگیرێت. لە عێراقیش پێویستە هەموومان پەند لە مێژوو وەربگرین و بزانین كە سەقامگیری بە یەكتر قبووڵكردن و چەسپاندنی سیستمی فیدراڵی و دادپەروەری بەدی دێت.
لە كۆتایی پەیامەكەیدا هاتووە، لەم یادەدا دووپات لەسەر یەكڕیزی و تەبایی نێوان لایەنە كوردستانییەكان دەكەینەوە وەك تاكە گەرەنتی بۆ پاراستنی قەوارەی فیدراڵی و دەستكەوت و مافە دەستوورییەكانمان. با پێكەوە كار بكەین بۆ ئەوەی كوردستان و عێراق لە مەترسییەكانی شەڕ دوور بخەینەوە و داهاتوویەكی گەشتر، ئاوەدانتر و پڕ لە ئاشتی بۆ نەوەكانمان بنیات بنێین.