یەكەم رۆژی جەژن دیاری كرا

:: PM:12:04:11/03/2026 ‌
ساڵانە گفتوگۆ و تێبینیی زۆر لەسەر دیاریكردنی یەكەم رۆژی جەژن دەكرێت، بەڵام ئێمە بەدواداچوونمان كردووە و یەكەم رۆژی جەژنتان پێ‌ دەڵێین.

سەرەتای هەر مانگێكی رۆژمێری مانگیی كە پشت بە سووڕانەوەی مانگ بە دەوری زەوی دەبەستێت، رێك ئەو كاتە دەست پێ دەكات كە مانگ لە دوای ئاوابوونی خۆر بۆ ماوەیەكی كەمیش بێت، لە ئاسمان خۆی دەنوێنێت و ئێستە كە لە كۆتاكانی مانگی رەمەزانداین، خەڵك بۆ دڵنیابوون لە یەكەم رۆژی جەژن، چاوەڕوانی دەركەوتنی مانگ دەكەن.

دیاریكردنی یەكەم رۆژی جەژن لەسەر بنەمای ئەوەیە یەكەم دەركەوتنی مانگ لە ئێوارەی دواین رۆژی مانگەكە، دوای ئاوابوونی خۆر روو دەدات و سبەینەكەی دەبێتە یەكەم رۆژی مانگێكی نوێ.

بەپێی زانست و لێكدانەوەی زانستی و بە خولەك و چركە دیارە لە هەر شوێنێكی گۆی زەوی لە چ خولەكێك مانگ و خۆر ئاوا دەبن، دەستنیشانكردنی یەكەم رۆژی مانگی نوێ ئاسانتر بووە، هەرچەندە لە شەرعدا هەر پشت بە شێوازە كۆنەكان دەبەسترێت.

بەگوێرەی ماڵپەڕی worldweather لە ئاسمانی هەولێری پایتەخت ئەمساڵ لە ئێوارەی چوارشەم 18ی ئادار کە دەکاتە 29ی رەمەزان مانگ سەعات  5:42 خولەکی ئێوارە ئاوا دەبێت بەڵام  خۆر سەعات  6:13 خولەک ، بەو پێیە مانگ 31 خولەک زووتر لە خۆر ئاوا دەبێت کەوایە پێنجشەم  جەژن  نییە و 30 رەمەزانە.

رۆژی پێنجشەم  کە 19 ی ئادارە ئێوارەکەی خۆر سەعات 6:14 ئاوا دەبێ بەڵام مانگ سەعات 6:50 خولەک ئاوا دەبێت کەوایە 36 خولەک دوای ئاوابوونی خۆر دەرفەتی بینینی مانگ لە ئاسمانی هەولێر هەیە و رۆژی هەینی جەژنە کە دەکاتە 20 ی ئادار.

بەو پێیە مانگ پێش ئاوابوونی خۆر ئاوا دەبێت و هیچ كەسێك ناتوانێ مانگ ببینێت، بەڵام ئێوارەی رۆژی پێنجشەم ئاوابوونی مانگ دەكەوێتە دوای خۆر و پێشبینی دەكرێت بە ئاسانی ببینرێت، ئەگەر هەور و تۆز بەری ئاسمانی نەگرتبێت. چونكە مانگ ئیوارەی پێنجشەم زیاتر لە نیو سەعات دوای ئاوابوونی خۆر دەرفەتی بینینی هەیە و زۆر بە ئاسانی هەموو كەسێك دەتوانێت بیبینێت.

ئەو لێكدانەوەیە دەریدەخات رۆژی پێنجشەم دەبێتە تەواكەری مانگی رەمەزان و هەینی دەبێتە یەكەم رۆژی جەژنی رەمەزان و ئەمساڵ رەمەزان 30 رۆژی تەواو دەبێت.


وشە - رامیار جەواد