تەرمی ساڵح موسلیم بەرەو زێدی خۆی بەڕێ كرا، گوتەبێژی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان رای دەگەیەنێت، ساڵح موسلیم یەكێك بووە لە خەباتكارە دیارەكانی رۆژئاوای كوردستان.
ئەمڕۆ پێنجشەم 12ـی ئادار، دڵشاد شەهاب گوتەبێژی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، لە كاتی بەڕێكردنی تەرمی ساڵح موسلیم بۆ زێدی خۆی بە میدیاكانی راگەیاند، ئەمڕۆ بە خەمگینییەكی زۆرەوە و بەناوی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، ئامادە بووین بۆ ماڵئاواییكردن و دەربڕینی پرسە و سەرەخۆشی بۆ كۆچی دوایی خەباتكاری گەلەكەمان رێزدار ساڵح موسلیم.
زیاتر گوتی، ساڵح موسلیم یەكێك بووە لە خەباتكارە دیارەكانی رۆژئاوای كوردستان و چەندان ساڵی تەمەنی خۆی لە پێناو خزمەتكردنی گەلی كورد و نەتەوەكەیدا تەرخان كردووە. بێگومان بە كۆچی دوایی خەباتگێڕێكی مەزنی وەك ئەو، بۆشاییەكی گەورە دروست دەبێت.
دەشڵێت، ئێمە دڵنیاین خەباتگێڕانی تری گەلەكەمان لەم پێناوەدا بەردەوام دەبن و ئەو بۆشاییە پڕ دەكەنەوە بەهۆی لەدەستدانی ئەم كەسایەتییە تێكۆشەرەوە دروست بووە.
شەوی رابردوو ساڵح موسلیم هاوسەرۆكی پێشووی پەیەدە لە شاری هەولێر بەهۆی نەخۆشی كۆچی دوایی كرد.