ڕوونكردنەوەیەك لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ژمێركاری / وەزارەتی دارایی و ئابوورییەوە، لەبارەی خەرج نەكردنی مووچەی مانگی شوباتی بەشێك لە خانەنشینانی سەربازی لە سنووری پارێزگای سلێمانی، بە پێویست زانرا ئەم ڕوونكردنەوەیە بڵاو بكرێتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەم 12ـی ئادار، لە راگەیەنراوێكی وەزارەتی دارایی و ئابووریدا هاتووە، لەبارەی خەرج نەكردنی مووچەی مانگی شوباتی بەشێك لە خانەنشینانی سەربازی لە سنووری پارێزگای سلێمانی، بە پێویستمان زانی ئەم ڕوونكردنەوەیە بڵاو بكەینەوە.
ئاماژە بەوە كراوە، وەك بەرچاوڕوونییەك بۆ هەموو لایەك زیادكردنی ناوی فەرمانبەر یان خانەنشین یان هەر مووچەخۆرێك لە لیستی مووچەی مانگانە پێوەندیی بەوەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمەوە نییە، بەڵكو ئەو ڕێكارە پێوەستە بە وەزارەت و یەكە ژمێریارییەكانی دەرەوەی وەزارەتی داراییەوە.
1-ئەو خانەنشینانەی ناویان لە لیستی مووچەی مانگی شوبات نییە، ژمارەیان لە 801 كەسە و كەمئەندامی سەنگەرن كە پێشتر لەسەر هێزەكانی 70 مووچەیان بۆ خەرج كراوە، لە چوارچێوەی بڕیاری گواستنەوەی دۆسیەی خانەنشینانی سەربازی لە وەزارەتی پێشمەرگەوە بۆ وەزارەتی دارایی و ئابووری، بەهۆی تەواو نەبوون و پەسند نەكردنی دۆسیەكانیان نەتوانراوە لە مانگی شوباتدا داخلی لیستی مووچە بكرێنەوە، كاتێك لیستی مووچە و دۆسیەكانیان گەیشتووەتە بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینی پێشمەرگە لە وەزارەتی دارایی لیستی مووچەی مانگی شوبات لە بەغدا بووە.
2-لە كاتی وردبینی لە دۆسیەی ئەو خانەنشینانەدا دەركەوتووە بەشێكی زۆریان ( upn ) یان نەبووە و بەشێكیشیان وارسن و مامەڵەی وارسیان بۆ نەكرابوو، دوای ئەنجامدانی وردبینی لەلایەن لیژنەیەكی تایبەتەوە 750 خانەنشینیان دۆسیەكانیان پەسند كراوە و لە لیستی مووچەی مانگی ئادار لە سیستمی پەیرۆڵ داخل كراونەتەوە و مووچەیان بۆ بەستراوەتەوە، هەر مووچەخۆرێكیش ( upn ) ی نەبێت، ناتوانرێ داخلی سیستمی پەیرۆڵ بكرێت كە ئێستە لیستی مووچە بەو سیستمە ئامادە دەكرێت.
لەبارەی شایستەی مووچەی سەرجەم ئەو خانەنشینانەی كە لە چەند مانگی ڕابردوو مووچەكانیان لەلایەن حكوومەتی فیدراڵەوە خەرج نەكراوە، وەزارەتی دارایی فیدراڵ دڵنیایی داوە كە ئەو مووچانە وەك شایستەیەك دەمێنێتەوە تا كاتی پەسندكردنی بوودجە و دواتر هەمووی بەسەریەكەوە خەرج دەكرێتەوە، لەبەرئەوەی ئێستە بودجە پەسند نەكراوە و مانگانە تەنیا كار بەخەرجكردنی یەك لەسەر دوازدەی ساڵی ڕابردوو دەكرێت.