لەلایەن بەڕێوەبەری خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزی، هاووڵاتییان ئاگادار دەكرێنەوە كە پێدانی پارە بە كارمەندانی ژینگەپارێزی ناچاری نییە.
ئەمڕۆ پێنجشەم 12ـی ئادار، ژیار جەلال بەڕێوەبەری فەرمانگەی خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزی، بە "وشە"ـی راگەیاند، پێدانی جەژنانە بە كرێكارانی ژینگەپارێز، بابەتێكی تەواو ئارەزوومەندانەیە و هیچ هاووڵاتییەك ناچار نییە هیچ بڕە پارەیەك بەناوی جەژنانە یان بە هەر ناوێكی تر بدات بەو ژینگەپارێزانە.
دەشڵێت، زۆر لە سواڵكەران بەناوی كرێكارانی شارەوانییەوە، پێش جەژنان لەناو كۆڵانەكان دەگەڕێن بۆ جەژنانە، ئێمە وەك شارەوانی هیچ پێوەندیمان پێیانەوە نییە و پێویستە هاووڵاتییان ئەگەر نیازی هاوكاری یان جەژنانەیان هەیە بە كرێكارانی شارەوانی، ئەوە بیدەن بەو كرێكارانەی كە ئامێری كۆكردنەوەی خاشاكیان لەگەڵدایە.
باسی لەوەش كرد، هەر ڕەفتارێكی نەشیاو لەلایەن كرێكاران و كارمەندانی كۆكردنەوەی خۆڵ و خاشاك بەرانبەر هاووڵاتییان وەك (بەزۆر وەرگرتنی پارە، دیاریكردنی بڕەكەی، دانانی نیشانە لەسەر دەرگا و حاویەی ماڵان، یان زبڵیان هەڵنەگرنەوە ئەگەر پارەیان پێ نەدان) یان هەڕ ڕەفتارێكی نەگونجاوی تر، دەتوانن پێوەندیمان پێوە بكەن.