ماوەی چەند رۆژێكە لە كاتی هێرشە درۆنییەكان بۆ سنووری پارێزگای سلێمانی، بە چەكی كڵاشینكۆف تەقەیان لێ دەكرێت، ئەمە نەك هیچ ئامانجێك ناپێكێت، بەڵكو دڵەڕاوكێی هاووڵاتییانی شارەكە زیاتر دەكات.
بەهۆی ئەوەی سیستمی بەرگری لە سلێمانی نییە، درۆنەكانی گرووپە چەكدارەكانی عێراق بەئاسمانی شارەكەدا دەسووڕێنەوە و پاشان خۆیان بەشوێنێكدا دەكێشن.
حەمید گەرمیانی كە شارەزایەكی سەربازییە لەمبارەیەوە بۆ "وشە" گوتی، تەقەكردن بەچەكی كڵاشینكۆف لە درۆنەكان هیچ سوودێكی نییە و ناتوانێ لە ئاسمان بیانپێكێت.
ئەو شارەزایە دەڵێت: چەكی كڵاشینكۆف هیچ سەردەمەكە نەماوە و تەنیا لە چەند وڵاتێك بەكار دێت یەكێك لەوانە عێراقە.
باسی لەوەش كرد، درۆن بەكڵاشینكۆف ناخرێتە خوارەوە، ئەو كارەی لە سلێمانی دەكرێت تەنیا شێواندنی ئارامیی شارەكەیە.
حەمید دەڵێت: نەك درۆنەكان ناپێكێت، بەڵكو دەبێتە هۆی زیادبوونی دڵەڕاوكێی خەڵكی شارەكە .
ئێستە ئەمەریكا و ئیسرائیل بەچڕی ئێران بۆردمان دەكەن و ئەویش پەلاماری وڵاتانی ناوچەكە دەدات، گرووپەكانی سەربە ئێرانیش هێرشی سەر كوردستان دەكەن.
بەشی زۆری ئەو درۆنانەی بەرەو سلێمانی دەهاوێژرێن، بەپێی زانیارییەكان لە سنوری كەركووكەوە، لەلایەن ئەو گرووپانەوە كە یەكێتی پێشتر وەك دۆستی خۆی تەماشای دەكردن.
لە هەولێر دۆخەكە باشترە، سیستمی بەرگری لای هێزەكانی هاوپەیمانان و ئەمەریكایە، ئەوان دەتوانن بە پلان و بە وردی ئامانجەكان بپێكن، بەڵام لە سلێمانی، كاتێك درۆن دێتە سەر شارەكە، ئیتر تەقەی هەڕەمەكی پێشمەرگە و هێزەكانی تر دەست پێ دەكات.
ئەمەش ترسێكی تری لای خەڵك دروست كردووە و خەڵكی شارەكە دەڵێن: رەنگە درۆن نەمانكوژێت، بەڵام تەقەی هەڕەمەكی دەمانكوژێت. چونكە درۆنەكان بۆ شوێنێكی ئامانجدار دێن، بەڵام فیشەكی وێڵ كەس ناناسێ.