نێچیرڤان بارزانی و وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا: پێویستە حكوومەتی عێراق نێردە دیپلۆماسییەكان بپارێزێ‌

:: PM:05:04:12/03/2026 ‌
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە پێوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ئەنتۆنیۆ تیانی جێگری سەرۆك وەزیران و وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا، دوایین پێشهاتەكانی دۆخی ناوچەكە و كاریگەری و لێكەوتەكانی شەڕیان بەسەر ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەكە و جیهانەوە تاوتوێ كرد.

نێچیرڤان بارزانی بە توندی سەركۆنەی ئەو هێرشەی كرد، كە شەوی ڕابردوو كرایە سەر بنكەی سەربازیی ئیتاڵیا لە هەرێمی كوردستان.

هەروەها دووپاتی كردەوە، پێویستە حكوومەتی عێراق بەرپرسیاریەتیی خۆی لە پاراستنی نێردە دیپلۆماسییەكان و هێزەكانی هاوپەیمانان جێبەجێ بكات و ڕێگە نەدات چیتر گرووپە لە یاسادەرچووەكان، ئاسایش و بەرژەوەندییەكانی وڵات بخەنە مەترسییەوە.

لای خۆیەوە، وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا وێڕای سەركۆنەكردنی هێرشەكە، دووپاتی كردەوە كە وڵاتەكەی بە هەموو شێوەیەك لە پشتگیری و هاوكاریكردنی عێراق و هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئاڵنگارییەكان و ڕووبەڕووبوونەوەی هێرشە تیرۆریستییەكان، هەروەها برەو بە هاریكاریی هاوبەشیان دەدەن بۆ پاراستنی ئارامی و سەقامگیری.

لە كۆتاییی پێوەندییەكەدا، نێچیرڤان بارزانی سوپاس و پێزانینی هەرێمی كوردستانی بۆ ئیتاڵیا دەربڕی بۆ ئەو پشتگیری و هاوكارییە بەردەوامانەی پێشكەش بە هەرێمی كوردستانی دەكات و ڕۆڵی هێزەكانی ئەو وڵاتەی لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیدا بەرز نرخاند.


وشە - سه‌رخێڵ هاشم