پێوەندییەكی تەلەفۆنی لە نێوان سەرۆك مەسعوود بارزانی و تۆم باراك نوێنەری دۆناڵد ترەمپ بۆ كاروباری سووریا و باڵوێزی ئەمەریكا لە توركیا، ئەنجام درا.
لەو پێوەندییە تەلەفۆنییەدا تۆم باراك سڵاو و ڕێزی سەرۆکى ئەمەریکاى بە سەرۆك بارزانی گەیاند و سوپاسی ڕۆڵی سەرۆك بارزانی كرد كە هەمیشە بە سەركردایەتییەكی حەكیمانە ئیدارەی سیاسەت و پاراستنی ئاسایشی ناوچەكەی كردووە. هەروەها ڕای گەیاند، كە ئەمەریكا هەمیشە وەك هاوپەیمان و دۆست سەیری هەرێمی كوردستان دەكات و بەردەوام دەبن لەسەر هاوئاهەنگییان لەگەڵ هەرێمی كوردستان.
هەروەها نوێنەری سەرۆكی ئەمەریكا دووپاتی لەوە كردەوە كە بۆ ئەمەریكا هەرێمی كوردستان و عێراق پێگەیەكی گرنگی ناوچەكەن و ئەوان هاوكار دەبن كە لەم دۆخە ئاڵۆزەی ئێستەی ناوچەكە كێشەكانی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدراڵی عێراق چارەسەر بكرێن بە جۆرێك كە لە بەرژەوەندیی هەردوولا بێت لە هەموو بوارەكاندا.
بە هەمان شێوە، سەرۆك بارزانی سوپاسی سەرۆك ترامپی كرد و ڕێز و پێزانینی خۆی بۆی دەربڕی و سوپاسی تۆم باراكی كرد بۆ رۆڵە كاریگەرەكەی.
سەرۆك بارزانی دووپاتی لەوە كردەوە، كە هەرێمی كوردستان هەمیشە خوازیاری سەقامگیری و ئارامییە بۆ تەواوی ناوچەكە و گەلی كوردستان هەمیشە باوەڕی بە دیموكراسییەت و پێكەوەژیان و گفتوگۆ هەیە و ڕای گەیاند، كە ئێمە هەمیشە بەشێك بووین لە چارەسەر و هەرگیز بەشێك نەبوون و نابین لە هیچ كێشە و ئاڵۆزییەك.
هەروەها سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەو هێرش و پەلامارە ناڕەوایانە دا، كە لەلایەن هەندێ هێزی بەدەر لە یاسا دەكرێنە هەرێمی كوردستان.
هەردوولا هاوڕا بوون كە پێویستە هەرێمی كوردستان و عێراق بەدوور بگیرێن لەم شەڕە و پارێزراو بن.