حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەیاننامەیەكدا بەتوندی سەركۆنەی هێرشكردنە سەر كونسوڵگەى گشتیی ئیمارات لە هەولێر، دەكات.
لە بەیاننامەكەدا هاتووە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە توندترین شێوە، هێرشكردنە سەر كونسوڵگەى گشتیی دەوڵەتی ئیمارات لە هەولێر و هەموو هێرشێك بۆ سەر خاك و دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان و كونسوڵگە و نێردە دیپلۆماتییەكان شەرمەزار دەكات.
"ئەم هێرشە تیرۆریستی و تێكدەرانەیەی كە دەكرێتە سەر هەرێمی كوردستان، پێشێلكردنی ئاشكرای یاسای نێودەڵەتی و سەروەریی خاكی هەرێمی كوردستان و عێراقە و هیچ پاساوێك هەڵناگرێت و پێویستە حكوومەتی فیدراڵ، بەرپرسیارییەتی یاسایی خۆی هەڵبگرێت و سنوورێك بۆ ئەو هێز و گرووپ و میلیشیا لەیاسادەرچووانە دابنێت كە بوونەتە هەڕەشەیەكی ڕاستەقینە بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان و عێراق بە گشتی و لە ئەنجامی پەلامار و هێرشە ناڕەواكانیان، دەیان كەس بوونەتە قوربانی و زیانێكی زۆر بە هەرێمی كوردستان و عێراق بە گشتی كەوتووە" لە بەیاننامەكەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان وا نووسراوە.