سامانە سروشتییەکان: بەغدا بە بیانووی سیستمی ئەسیکۆدا گەمارۆی خنکێنەری خستووەتە سەر هەرێم

:: PM:07:27:15/03/2026 ‌
ئەمڕۆ یەکشەم 15ی ئاداری 2026، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حكوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕوونکردنەوەیەکدا بۆ ڕای گشتیی هەرێمی کوردستان و عێراق، بە درێژی وەڵامی بەیاننامەیەکی وەزارەتی نەوتی عێراقی دایەوە، کە گوایە هەرێمی کوردستان ئامادە نییە نەوت لە ڕێگەی بۆڕییەوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا هەناردە بکات.

وەزارەتی سامانە سروشتییەکان دەق و تەواوی خاڵەکانی بۆ ڕای گشتی بەم شێوەیە ڕوون کردووەتەوە:

یەکەم: ئەوەی ڕاستی بێت لە بەیانەکەدا هەموو ڕەهەندەکانی کێشەکە باس نەکراون و بابەتەکەیان شێواندووە و هەوڵی تۆمەتبارکردنی هەرێمی کوردستانیان داوە بۆ چەواشەکردنی ڕای گشتی.

دووەم: حكوومەتی ئێستەی بەغدا لە مانگی یەکەوە گەمارۆیەکی خنکێنەری بە بیانووی جێگیرکردنی سیستمی ئەسیکۆدا خستووەتە سەر هەرێمی کوردستان و ڕێگە نادات دۆلار بۆ بازرگانەکانی کوردستان بەردەست بێت و لەو کاتەوە، هیچ جووڵەیەکی بازرگانی نەماوە، و ئامادە نییە کاتی پێویست بۆ هەرێم تەرخان بکات بۆ جێگیرکردنی سیستمەکە، کە هەر لە سەرەتای ئەم قەیرانەوە داوامان کردووە.

سێیەم: میلیشیا لەیاسادەرچووەکان، هەموو کێڵگە و پاڵاوگەکانی نەوت، غاز و وزەی هەرێمیان کردووەتە ئامانج و لە ئەنجامی ئەم هێرشە تیرۆریستییانەدا، بەرهەمهێنان وەستاوە و هیچ بەرهەمێکی نەوتی نەماوە لە کوردستان تا هەناردەی دەرەوە بکرێت.

چوارەم: بەغدا ئامادە نییە ڕووبەڕووی ئەو هێرشە تیرۆریستییانە ببێتەوە کە دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان و ڕێگرییان لێ بکات. تا ئێستە هیچ ڕێکارێکی کاریگەر بەدی ناکرێت بۆ وەستاندنی ئەم هێرشانە.

پێنجەم: بەشێکی زۆری ئەم هێرشبەرانە لە بەغدا مووچە وەردەگرن و پڕچەک کراون و پارەدار دەکرێن، لە کاتێکدا کە مووچەی خەڵکی کوردستان هەمیشە دوا دەکەوێت و کەمتر لە گوژمەی پێویست دەنێردرێت.

شەشەم: هەرێمی کوردستان بە هەموو شێوەیەک ئامادەییی خۆی دەربڕیوە کە عێراق و هەرێمی کوردستان لەم قەیرانە دەرباز بکات و ئەمە چەندان جارە داوا لە بەغدا دەکەین گفتوگۆیەکی بنیاتنەر بۆ چارەسەری کۆی ئەم کێشانە دەست پێ بکرێت، بەڵام داواکاریی ئێمە پشتگوێ خراوە و هەوڵ دراوە ئەجێندای نادەستووری و نایاسایی لەسەر هەرێم بسەپێنرێت.

لە کۆتایی ڕوونکردنەوەکەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکاندا هاتووە، جارێکی تریش دووپاتی دەکەینەوە کە ئامادەین بۆ ئەوەی هەرچی زووتر، تیمە پسپۆڕەکان لەسەر ئەم خاڵانەی جێی ناکۆکین دانیشتن بکەن و بگەینە ئەنجامێکی خێرای وا کە هەموو عێراق لێی سوودمەند بێت و کوردستانیش چیتر ستەمی لێ نەکرێت.


وشە - پۆڵا مەحموود