نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، غولام محەمەد ئیسحاقزای بەرپرسی نەتەوە یەكگرتووەكان و ڕێكخەری نیشتەجێ بۆ عێراق كۆبوونەوە، لە كۆبوونەوەكەدا هەردوولا دووپاتیان لە گرنگیی چڕكردنەوەی هەوڵە دیپلۆماسییەكان بۆ چارەسەركردنی ئاشتییانەی كێشەكان كردەوە.
ئەمڕۆ دووشەم 16ـی ئادار، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازیی لە غولام محەمەد ئیسحاقزای بەرپرسی نەتەوە یەكگرتووەكان و ڕێكخەری نیشتەجێ بۆ عێراق و شاندێكی یاوەری كرد.
لە كۆبوونەوەكەدا دۆخی سیاسی و تەناهیی عێراق و چالاكییەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان تاوتوێ كران. سەرۆك نێچیرڤان بارزانی وێڕای سوپاسكردنی ئامادەیی و ڕۆڵی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق، دووپاتی لە گرنگیی بەردەوامیی پشتگیری و هاوكارییەكانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان لەپێناو چەسپاندنی سەقامگیری و ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەكاندا كردەوە.
لای خۆیەوە ئیسحاقزای سوپاسی هاریكاریی لایەنە پێوەندیدارەكانی هەرێمی كوردستانی لەگەڵ نەتەوە یەكگرتووەكان كرد، پابەندیی نەتەوە یەكگرتووەكانی بۆ بەردەوامیی یارمەتیدانی عێراق و هەرێمی كوردستان دووپات كردەوە.
دۆخی ئاڵۆزی ناوچەكە و لێكەوتەكانی شەڕ، تەوەرێكی تری كۆبوونەوەكە بوو. تێیدا هەردوولا دووپاتیان لە گرنگیی چڕكردنەوەی هەوڵە دیپلۆماسییەكان بۆ چارەسەركردنی ئاشتییانەی كێشەكان كردەوە.