ئەمڕۆ دووشەم 16ی ئاداری 2026، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە ڕێگەی پێوەندییەکی تەلەفۆنییەوە لەگەڵ ئۆرسولا ڤۆندەرلاین سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا، تاوتوێی پێشهاتەکانی ناوچەکە و مەترسییەکانی پەرەسەندنی گرژییەکانی کرد.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە سەکۆی "ئێکس" بڵاوی کردەوە کە لەو پێوەندییەدا، لەگەڵ سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا باسیان لە پێشهاتە هەرێمییەکان و مەترسییەکانی فراوانبوونی زیاتری ئاڵۆزییەکان کردووە.
نێچیرڤان بارزانی ڕای گەیاند، هەردوولا دووپاتمان لە پێویستیی گرتنەبەری چارەسەری سیاسی کردەوە، ئەوەش لە پێناو ڕێگریکردن لە دروستبوونی ململانێی فراوانتر و پاراستنی گیانی خەڵکی مەدەنی.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێزانینی خۆی دەربڕی بۆ ئەو پاڵپشتییە بەردەوامەی کە یەکێتیی ئەوروپا پێشکەش بە عێراق و هەرێمی کوردستانی دەکات.