مەسروور بارزانی: لەگەڵ هەناردەكردنی نەوتی عێراقین بە دابینكردنی مووچەی فەرمانبەران

:: PM:03:54:17/03/2026 ‌
مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی رای گەیاند، ئەوانەی هێرش دەكەنە سەر هەرێمی كوردستان مووچەخۆری حكوومەتی عێراقن، بەڵام سوپاسی هاوپەیمانان دەكەین كە رێگری لە هێرشەكان دەكەن. 

ئەمڕۆ سێشەم 17ی ئادار، مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا گوتی، سوپاسی هەموو ئەو لایەنانە دەكەم بە بەرپرسیاریەتییەوە رەفتاریان كردووە لەو دۆخەی هاتووەتە پێشەوە، خەڵكی كوردستان پێویستە دڵنیا بێت كە ئێمە لە خەمی ئەوانداین و هەرچی پێویست بێ‌ بۆ پاراستنی كوردستان دەیكەن، و مان و مردنمان پێكەوە دەبێت. 

سەرۆك وەزیرانی كوردستان خەڵكی كوردستانی دڵنیا كردەوە، كە هەموو تواناكان خراوەتە گەڕ بۆ ئەوەی خەڵك پارێزراو بن لە كوردستاندا. 

"ئەم شەڕەی ئێستە هەیە، كاریگەریی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی لەسەر خەڵكی كوردستان هەیە، هەندێكجار پەلاماری كوردستان دراوە بە درۆن و مووشەك كە هیچ پاساوێك هەڵناگرێ‌، بۆیە داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و حكوومەتی فیدراڵ دەكەین هەڵوێستیان هەبێت بەرانبەر گرووپە لە یاسا دەرچووەكان، ئەوانە مووچەخۆری حكوومەتی عێراقن". مەسروور بارزانی وای گوت. 

لە قسەكانیدا چەندان جار دڵنیایی دایە خەڵكی كوردستان كە پارێزراو دەبن و سەرەخۆشی لە كەسوكاری شەهیدان و هیوای چاكبوونەوەیشی بۆ برینداران خواست، هەروەها سوپاسی خۆڕاگری خەڵكی كوردستانی كرد.

لەبارەی هەناردەكردنی نەوت كە لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا قسەی زۆری لەسەر كرا، مەسروور بارزانی گوتی، ئێمە زیاتر لە هەموو كەسێك پەرۆشی دۆخی ئابووریی عێراق و كوردستانین، بۆیە ئێمە لەگەڵ ئەوەداین نەوت هەناردەی دەرەوە بكرێ‌، بەڵام هەندێك راستی هەیە دەبێت بگوترێ‌، ئێستە حكوومەتی عێراق داوا دەكات نەوت لە بۆرییەكانەوە هەناردە بكات، هەرێمی كوردستان رێگر نییە لە هەناردەكردنی نەوتی عێراق، تەنیا دەمانەوێ‌ گرەنتی بۆ كێڵگە نەوتییەكانمان هەبێت. 

روونیشی كردەوە، یەكێكی تر لە داواكانمان ئەوەیە كە خەڵكی كوردستان وەك خەڵكی عێراق مووچەكانیان لە كاتی خۆیدا دابین بكرێت، ئەوكاتە پێكەوە دەتوانین كێشەكان چارەسەر بكەین و پێویست نییە هیچ كەس و لایەنێكیش موزایەدە بكات، هەموو هەوڵەكان ئەوەیە عێراق لەو تەنگژەیەدا رزگار بكرێت. 

لەبارەی دۆخی ناوخۆی كوردستان، مەسروور بارزانی گوتی، داوا دەكەم لایەنەكان یەكڕیز بن و بۆ جارێكیش بێت هەڵوێستێكی نیشتمانیی یەكگرتوو هەبێت، بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستان بخرێتە سەرووی بەرژەوەندیی حزبییەوە، چونكە هیچ پاساوێك نییە بۆ ئەوەی هەموومان پێكەوە بەرگری لە خەڵكی كوردستان نەكەین. 

لەبارەی سیستمی نوێی ئەسیكۆدا، مەسروور بارزانی گوتی، هیچ كێشەیەكمان لەگەڵ جێبەجێكردنی سیستمەكەدا نییە، بەڵام میكانیزمی جێبەجێكردنی دەبێت لە ڕێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بێت و بۆ ئەوەیش پێویست بە كات دەكات.


وشە - سه‌رخێڵ هاشم