مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە باڵەخانەی پارێزگای هەولێر، لەگەڵ ژووری ئۆپەراسیۆن بۆ بەڕێوەبردنی قەیران و كارەساتی سروشتى لە سنووری پارێزگای هەولێر كۆبووەوە.
لە دەستپێكی كۆبوونەوەدا، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، كورتەیەكی لەبارەی كار و چالاكی و ئامادەكارییەكانی ژوورەكە خستەڕوو، كە لە فەرمانگە خزمەتگوازارییەكان و لایەنە تەناهییەكان پێكهاتووە.
سەرۆكی حكوومەت سوپاسی ژووری ئۆپەراسیۆن و هەموو فەرمانگە و لایەنە پێوەندیدارەكانی كرد، بۆ ئامادەكارییان و كاری بەردەوامیان لە پێناو جێبەجێكردنی ئەركەكانیان و یارمەتیدان و پاراستنی ئاسایشی خەڵك و هاووڵاتییانی هەولێر و هەرێمی كوردستان .
سەرۆكی حكومەت، بەرپرسانیشی ڕاسپارد كە ڕۆڵی بەرپرسانەی خۆیان بگێڕن و نەهێڵن هیچ كێشە و گرفتێكی خزمەتگوزاری دروست ببێت، دڵنییاییشی بە خەڵكی كوردستان دا، هەموو هەوڵێك دەدەن بۆ پاراستنی خەڵك و هەرێمی كوردستان لەم شەڕ و ئاڵۆزییانەی ناوچەكە.
دووپاتیشی كردەوە كە سەرەڕای ئەوەی كێڵگەكانی نەوت و گاز و پاڵاوگەكان ڕووبەڕووی هێرش و پەلاماری هێزە لە یاسا دەرچووەكان بوونەتەوە، بەڵام حكومەت هەموو هەوڵێكی داوە چارەسەری كێشەی كارەبا بكات.
سەرۆكی حكوومەت دووپاتی لەوە كردەوە، كە ئێمە وەكو هەرێمی كوردستان لە هەموو كەسێك زیاتر پەرۆشی ئابووری و مووچە و بژێویی خەڵكین، ئێستەش دووپاتی دەكەینەوە كە ئێمە لەگەڵ ئەوەین نەوت هەناردە بكرێ و هەرێمی كوردستان ڕێگر نییە، تەنیا داوای ئەوەمان كردووە گەرەنتی هەبێت و بتوانین لە كێڵگەكانی خۆشمان نەوت هەناردە بكەین. گوتیشی، بەغدا خۆی چەند ساڵێك لەمەوبەر لە ڕێگەی دادگاوە نەوتی هەرێمی كوردستانی ڕاگرت بۆیە گوناهی هەرێم نییە كە نەوت وەستاوە. هەرچەندە ئەو بڕە نەوتەی كە لە ڕێگەی هەرێمی كوردستانەوە هەناردە دەكرێت، سنووردارە و قەرەبووی هەموو نەوتی عێراق ناكاتەوە، بەڵام ئێمە ئامادەین بۆ هاوكاری و هاوئاهەنگى لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵ بۆ هەناردەكردنەوەی نەوت.
لەبارەی بابەتی سیستمی ئەسیكۆدا، هەرێمی كوردستان نەیگوتووە ئەسیكۆدا جێبەجێ ناكەین بەڵكو تەنیا داوای كاتمان كردووە بۆ ئەوەی لە هەرێمی كوردستان ئامادەكاری بۆ جێبەجێكردنی بكرێت. بە تایبەتی كە ئێستە لە دۆخێكی ئابووری و بازرگانیی زۆر خراپداین و چالاكیی بازرگانی زۆر كەم بووە.