فراکسیۆنی پارتی بایکۆتی کۆبوونەوەی ئەمشەوی پەرلەمانی عێراق دەکات

:: PM:08:31:17/03/2026 ‌

ئەمڕۆ سێشەم 17ی ئاداری 2026، فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی ئەمشەوی پەرلەمانی بە پێچەوانەی ڕێوشوێنەکانی یاسادانان وەسف کرد، و داوای لە هەیبەت حەلبووسی سەرۆکی پەرلەمان کرد کە لە پێناو پاراستنی شکۆ و متمانەی دامەزراوەی یاساداناندا، پابەندی پێڕەوی ناوخۆ بێت.

لە ڕاگەیەنراوێکی فراکسیۆنی پارتیدا هاتووە، ئەوان بەشداریی ئەو کۆبوونەوەیە ناکەن کە بڕیارە ئەمشەو سەعات نۆ بەڕێوە بچێت، ئەوەش بەهۆی ئەوەی کە خشتەی کارەکەی بەبێ ڕەزامەندیی سەرۆکایەتیی پەرلەمان دانراوە، ئەمەش پێچەوانەی مادەکانی نۆ و 37ی پێڕەوی ناوخۆی پەرلەمانە. فراکسیۆنەکە دووپاتی کردەوە کە ئەم کۆبوونەوەیە بە شێوەی ئێستەی، پێچەوانەی ڕێوشوێنەکانی یاسادانانە.

لای خۆیەوە فەرهاد ئەترووشی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، ئێوارەی ئەمڕۆ لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا کە لە پەرلەمانتاران و فراکسیۆنەکان شاراوە نییە، دانانی خشتەی کارنامەی کۆبوونەوە بەپێی پێڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، دەبێت لەسەر بنەمای ڕێککەوتنی نێوان سەرۆکی پەرلەمان و هەردوو جێگرەکەی بێت. ناوبراو ڕوونی کردەوە، پابەندنەبوون بەم بنەمایە، پێشێلکاریی یاسای پەرلەمان و پێڕەوی ناوخۆیە، کە بەداخەوە تا ئێستە چەندان جار ئەم لەیاسادەرچوونە ڕووی داوە.

لەلایەکی ترەوە، شێروان دووبەردانی پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، ڕای گەیاندبوو کە ئەوان وەک فراکسیۆنی پارتی بەشداریی کۆبوونەوەی ئەمشەوی پەرلەمانی عێراق ناکەن، چونکە کۆبوونەوەکە نایاساییە و جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان ڕەزامەندیی لەسەر نەداوە.

جێگەی باسە، بڕیارە ئەمشەو پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە هەناردەکردنی نەوتی عێراق بکات، و بۆ ئەو مەبەستەش داوای کردووە هەردوو وەزیری نەوتی عێراق و سامانە سروشتییەکانی حكوومەتی هەرێمی کوردستان ئامادە بن.



وشە - پۆڵا مەحموود