سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەم قۆناغەدا بە ڕۆحێكی بەرپرسانەوە مامەڵەی كردووە، سەرەڕای ئەو گوشارە ئابووری و بارودۆخە ئاڵۆزانەی كە هەرێم پێیدا تێدەپەڕێت و كاریگەرییان كردووەتە سەر چالاكییە بازرگانییەكان و جووڵەی بازاڕ.
د. شاخەوان عەبدوڵا سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق نووسیویەتی، لە سایەی ئەو گۆڕانكارییە خێرایانەی عێراق و ناوچەكە بەخۆیانەوە دەبینن، گرنگیی وەرگرتنی بڕیاری بەرپرسانە لەوەدا دەردەكەوێت كە بتوانێ شوێنەواری تەنگژە ئابوورییەكان سووك بكات و سەقامگیریی وڵات مسۆگەر بكات. لەم چوارچێوەیەدا بڕیاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ڕێگەدان بە تێپەڕبوونی نەوت بە خاكی هەرێمدا، هەنگاوێكی كردەییە كە گوزارشت لە دركپێكردنێكی باڵا دەكات بۆ قەبارەی ئاڵنگاری و مەترسییەكان و پەرۆشییەكی ڕوونە لە پێناو بەرژەوەندیی گشتی .
"حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەم قۆناغەدا بە ڕۆحێكی بەرپرسانەوە مامەڵەی كردووە، سەرەڕای ئەو گوشارە ئابووری و بارودۆخە ئاڵۆزانەی كە هەرێم پێیدا تێدەپەڕێت و كاریگەرییان كردووەتە سەر چالاكییە بازرگانییەكان و جووڵەی بازاڕ. لەگەڵ ئەوەشدا بژاردەی بەشداریكردنی لە دۆزینەوەی دەرچەیەك بۆ تەنگژەی ئێستەی هەڵبژاردووە، بەو پێیەی بەرژەوەندیی هاووڵاتییان و سەقامگیریی ئابووریی عێراقی خستە پێشینەی كارەكانی، چونكە چاك دەزانێ سەقامگیریی ئەم كەرتە، پێوەندییەكی ڕاستەوخۆی بە دابینكردنی بژێویی هاووڵاتییان و ژیانی ڕۆژانەیانەوە هەیە"، د. شاخەوان عەبدوڵا وا دەڵێ.
هەروەها وەڵامی ئەو گوتارە میدیایانەی داوەتەوە كە لە چەند ڕۆژی رابردوو لەناو پەرلەمانی عێراق دژی كوردستان دراوە و گوتی، ئەو گوتارە میدیایی و سیاسییانەی لە ڕۆژانی ڕابردوودا خرانە ڕوو، بەتایبەت ئەوانەی لەناو ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە، چ لەلایەن سەرۆكایەتیی ئەنجوومەن یان ژمارەیەك لە پەرلەمانتارانەوە گوتران، لە ئاستی بەرپرسیارێتی و مەترسییەكانی ئەم قۆناغەدا نەبوون؛ چونكە ڕەهەندی تۆمەتباركردن و گومان خستنەسەری بەسەردا زاڵ بوو. هەندێك جار ئەم گوتارانە گوزارشتیان لە ڕقوكینە و بەرانبەر بە گەلی كوردستان دەكرد، لەبری ئەوەی دووپات لەسەر چارەسەری واقیعی بكەنەوە كە پێوەندیی ڕاستەوخۆی لەسەر ژیانی خەڵك دروست دەكات، لە سەرووی هەمووشیانەوە پاراستنی بژێویی هاووڵاتییان و سەقامگیریی بازاڕەكان.
پێشی وایە كە چارەسەركردنی ئەم دۆسیەیە، پێویستی بە دووركەوتنەوە لە موزایەدەی سیاسی و هەنگاونان بەرەو گفتوگۆیەكی رژد و بەرپرسانە هەیە كە ڕەگی كێشەكان چارەسەر بكات، بەهێزكردنی هاوئاهەنگی و لێكتێگەیشتنی نێوان حكوومەتی فیدراڵ و حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێویستییەكی ترە.