وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان چەند رێنوێنییەكی بۆ دەزگاكانی راگەیاندن و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاو كردەوە و دووپات دەكەنەوە كە پێویستە گوتاری میدیایی ئاشتیخوازی بێت.
وەزارەتەكە رای گەیاندووە، جێگەی خۆیەتی لەم بۆنەیەداو بەهۆی هەستیاریی دۆخی ناوچەكە و پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی هەرێمی كوردستان، جارێكی تر داوا لە سەرجەم دامەزراوەكانی ڕاگەیاندن، ڕۆژنامەنووسان و چالاكانی سۆشیال میدیا دەكەین پابەندی پاراستنی بەهای نیشتمانی بن.
وەزارەتی رۆشنبیری دەڵێ، پێویستە گوتاری میدیایی ئاوێتەی ستراتیجی ئاشتیخوازیی هەرێم بێت و ڕێگە نەدرێت كەناڵەكان ببنە سەكۆیەك بۆ هەڕەشە لەسەر ئاسایشی نیشتمانی و تەنیا پشت بە زانیاری و لێدوانی فەرمی گوتەبێژانی دامەزراوە تەناهییەكان ببەسترێت.
هەروەها بڵاوكردنەوەی دەستبەجێی وێنە و ڤیدیۆی شوێنە ئەمنییەكان قەدەغەیە. نابێت میدیا ببێتە هۆی كۆبوونەوەی خەڵك و دروستكردنی مەترسی لەسەر ژیانی هاووڵاتییان و وەرگێڕانی پەیامی ژەهراوی و شێوێنراوی میدیا بیانییەكان، بڵاوكار لە بەرپرسیارێتی یاسایی نابەخشێت.
هەروەها بڵاوكردنەوەی هەر زانیارییەكی وردی سەربازی و ئەمنی كە سەقامگیری كۆمەڵگە بخاتە مەترسییەوە، بە توندی قەدەغەیە.
وەزارەتی رۆشنبیری باسی لەوە كردووە كە لە كاتی هەر ڕووداوێكی نەخوازراودا (وەك كەوتنەخوارەوەی درۆن یان موشەك)، نابێت كێبڕكێ لەسەر پەخشی ڕاستەوخۆ و شكاندنی شكۆی خێزانە زیانبەركەوتووەكان بكرێت.