د.پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف و كاروباری ئاینی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، سوپاسی مامۆستایانی ئاینی كوردستانی كرد كە لە مانگی رەمەزاندا رۆڵی بەرچاویان لە مزگەوتەكاندا هەبووە.
دوای نوێژی جەژن، د.پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف و كاروباری ئاینی رای گەیاند، ستەم لە هەرێمی كوردستان دەكرێت كە هێرشی دەكرێتە سەر، چونكە هەرێمی كوردستان لەو ئاڵۆزیانەی لەناوچەكەدا هەیە، بێ لایەنە.
د.پشتیوان سادق ئاماژەی بۆ ئەوەیش كرد، خۆشبەختانە ئەو بۆردمانانەی كراون تا ئێستە زیانی گەورەی نەبووە، بەڵام پێویستە سەركۆنەی ئەو هێرشانە بكەین كە دەكرێـتە كوردستان.
سەبارەت بە پرسی سیاسی و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت، پشتیوان سادق وەک نوێنەرێکی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "پارتی درێخی نەکردووە و ئەوەی پێمان کراوە بۆ لێکگەیشتن ئەنجاممان داوە. ئومێدەوارین دوای جەژن گفتوگۆکان بە فەرمی دەست پێبکەنەوە." ئاماژەی بەوەش کرد، خەڵکی کوردستان مافی خۆیەتی دەنگی داوە، بە زووترین کات حکوومەتێکی بۆ پێکبهێنرێت کە رەنگدانەوەی داخوازییەکانیان بێت و خزمەتیان بکات.