بڕیارە ئەمڕۆ 20ی ئادار، ئاگری نەورۆز لە كەركووك بكرێتەوە، بەڵام جیاوازیی لەگەڵ ساڵانی تر ئەوەیە؛ جەماوەر بەشداری ناكەن و تەنیا نوێنەری حزبە سیاسییەكان لە كردنەوەی ئاگری نەورۆز، بەشدار دەبن.
ئارەزوو جەبار كارگێڕی لقی سێی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە "وشە"ی گوت، ئاگری نەورۆز لە كەركووك دەكرێتەوە، بەڵام نوێنەری حزبە سیاسییەكان بەبێ بەشداریی جەماوەر ئاگرەكە دەكەنەوە، چونكە دۆخی شارەكە لە رووی تەناهییەوە باش نییە.
ئەو بەرپرسەی پارتی گوتی، گرنگە ئاگری نەورۆز لە كەركووك بكرێتەوە و لە هەر دۆخێكدا بێت هەڵكردنی ئاڵای كوردستان و داگیرساندنی ئاگری نەورۆز، فەرامۆش ناكرێ.
دووپاتی لەوەیش كردووە، كە بڕیاری هەموو حزبە كوردییەكان ئەوەیە بە ئاڵای كوردستانەوە ئاگری نەورۆز بكرێتەوە.
ئەوە لە كاتێكدایە كە چەند ساڵی رابردوو لە كەركووك هەڵكردنی ئاگری نەورۆز لەژێر گوشاری گرووپە جیاوازەكانی ئەو شارە دەكراوە، بەڵام ئێستە حزبە كوردییەكان لەوێ یەكدەنگن و پێكەوە ئاگرەكە دەكەنەوە.